مامۆستا مەلا عەلی شێخ وەتمانی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایانیش پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات

 ئەمرۆ 22ی2ی2020 مامۆستا مەلا عەلی شێخ وەتمانی بەهۆی نەخۆشیەوە لەشاری هەولێر کۆچی دوایی کرد، بەو بۆنەوە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پرسەنامەیەک ئاراستەی بنەماڵەو کەس و کاری دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


 


بەناوی خوای گەورەو میهرەبان


خانەوادەی مەرحوم مامۆستا مەلا عەلی شێخ وەتمانی


بە ڕازی بوون بە قەدەری خوای گەورە ئەمرۆ 22ی2ی2020 هەواڵی کۆچی دوایی زاناو خواناس و کەسایەتی دیاری باڵەکایەتی مامۆستا (مەلا عەلی شێخ وەتمانی)مان پێگەیشت و دڵگران و خەفەتباری کردین.


مامۆستای رەحمەتی وێڕای ئەوەی کەسایەتی کوردپەروەرو نیشتمان دۆست و خانەدان و کۆمەڵایەتی بوو، لەهەمان کات زاناو مامۆستایەکی بەتوانای رێبازی خزمەت بە شەریعەت و زانستە ئیسلامیەکان بوو، بەردەوام لەرێی ئامۆژگاری و مزگەوت جێدەستی دیارو بەرچاوو بووە، بۆیە لەدەستدان و وەفاتی کەلێن و کارەساتێکی گەورەیە.


بەو بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و زانایانی ئایینی و خانەوادەی بەرێزی مامۆستای رەحمەتی و کەس و کاری دەکەین، لەخوای میهرەبان داواکارین سەبرو ئارامی بەهەموو لایەک ببەخشێت و جێگەی مامۆستای کۆچکردووش بەهەشتی بەرین بێت.


 


انا لله وانا الیه راجعون


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


22ی2ی2020