یەکێتی زانایان: سوکایەتی بە ئایین و موقەدەسات قابیلی قبوڵ نیە

دوای ئەوەی رۆژی شەممە رێکەوتی 22ی2ی2020 لە شاری کەلارو لەلایەن گروپێکی شانۆیی لەیەکێ لە شەقامەکانی ئەو شارە لە کاتی نمایشی شانۆکە سوکایەتی بە ئایین و زانایان و مینبەرو مزگەوت کرا، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە شاری کەلارو لەلایەن گروپێکی نمایشکار بەشێوەی نمایشی هونەری و دیالۆکی شانۆیی، کە پڕ بوو لە سوکایەتی و بێرێزی بەرامبەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام و زانایان و مینبەرو مزگەوت بڵاوکرایەوەو نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.


ئێمە لە یەکێتی زانایانەوە بە توندی ئیدانە ئەو جۆرە سوکایەتیە دەکەین و بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین، کە سوکایەتی بەرامبەر ئیسلام و موقەدەسات قابیلی قبول نیەو ئەو جۆرە کارو هەنگاوانە نەک هیچ خزمەتێک پێشکەش ناکەن، بگرە مەترسی زۆر بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاشتی کۆمەڵگەو پێکەوەژیان هەیە، جیا ئەوەش ئەمە کارێکی عەفەوی نەبووەو پێشوەختە بەرنامەرێژی بۆ کراوەو لەکارنامەی بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان بەناونیشانی (وەرن ببین بە سەگ) لەبڕگەی گفتوگۆی شانۆ نمایش کراوەکان ئاماژەی پێکراوە.


وێڕای نیگەرانی و ئیدانەکردنی ئەو کردنە نەشیاوانە، داواکارین لە دام و دەزگا مەعنی و ئایینی و ئیداریەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان بەتایبەت داواکاری گشتی ئەو شارە، بەزووی رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ئەو سوکایەتیە بگرنە بەرو بە هەموو شێوەیەک رێگری ئەو جۆرە کارانە بگرن، کە پێچەوانەی شەریعەت و یاساو بەهاو نەریتی رەسەن و هەستی دینداری خەڵکی کوردستانە.


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


23ی2ی2020