لەسەر پرسی (سوکایەتی و تەشهیر) یەکێتی زانایان نوسراوێک ئاراستە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەکات

 ئەمرۆ 24ی2ی2020 بە نوسراوی فەرمی ژمارە (127) یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان کردووە، کە تایبەت بە پرسی ئەو تەشهیرو بێ رێزی و سوکایەتی کردن بەرامبەر بە ئیسلام و موقەدەسات و زانایانی ئایینی و پێگەی مینبەرو مزگەوت، کە لە رۆژی 22ی2ی2020 لە نمایشێکی شانۆیی لەلایەن گروپێکی هونەرە جوانەکانی گەرمیان و بەسەرپەرشتی بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان بەناونیشانی (وەرن ببین بە سەگ) ئەنجام درا بوو.


لە بەشێکی نوسراوەکە هاتووە: ئێمە لە یەکێتی زانایانەوە وێڕای ئەوەی بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە سوکایەتیە دەکەین، چونکە سوکایەتی کردن بەرامبەر پەیرەوانی هەر ئاینێکی تری ئاسمانی رێگە پێدراو نیەو مەترسی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەیەو هیچ خزمەتێک ناگەیەنێ.


هەروەها هاتووە: داوامان وایە لە بەرێزتان کە لێپێچینەوەی پێویست ئەنجام بدرێت بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم کارە شانۆییەو رێگری تەواو بکرێ لەو جۆرە کارانە، کە پێچەوانەی شەریعەت و یاسایە، هەروەها لە کۆتایی نوسراوی یەکێتی زانایان ئاماژە بەوە کراوە کە: لە ئەنجام ئاگادارمان بکەنەوە.