بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی وتاری هەینی و نوێژی بەکۆمەڵ رادەگیرێت

ئەمرۆ 4ی3ی2020 بە پشت بەستن بە برگەی (2)ی رێکارە شەرعیەکانی ئەنجومەنی باڵای فەتا لە هەرێمی کوردستان لەبەرواری 3ی3ی2020، وە لەبەر ئەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی بەتایبەت لە شاری سلێمانی لە هەڵکشان دان، نوسینگەی باڵای فەتوای لقی سلێمانی بڕیاری راگرتنی نوێژی بەکۆمەڵ و وتاری هەینی دا.



لە کۆبوونەوەیەکدا کە هەر یەک لە بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی و، لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان و، تەندروستی و پارێزگای سلێمانی گەنگەشەی دۆخی تەندروستی سلێمانیان کردو دواتر دکتۆر ئەحمەد شافیعی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەبەر ئەوەی مەترسی ڤایرۆسەکە جیددی و هەستیارە، بۆ رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی بڕیارماندا


یەکەم: راگرتنی سەرجەم نوێژە بەکۆمەڵەکان لە مزگەوتەکان تاوەکو کاتێکی نادیار.


دووەم: بانگدان لە مزگەوتەکان بەردەوام دەبێت، پێویستە بانگبێژ بڵێت، لە ماڵەوە نوێژەکانتان بکەن.


سێیەم: بۆ ئەم هەفتەیە نوێژی هەینی لە سەرجەم مزگەوتەکانی سلێمانی و دەورەبەری رادەگیرێت.