لیژنەی باڵای بینینی مانگ: رۆژی هەینی 24ی نیسانی 2020 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی 1441ی کۆچییە.

لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کودستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "لەبەر نەبوونی بەڵگەی شەرعیی پێویست، دەرکەوتووە مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا نەبینراوە، بۆیە وەک لیژنەی بینینی مانگ رایدەگەیێنین، رۆژی پێنجشەممە 23-4-2020 تەواوکەری مانگی شەعبان دەبێت و رۆژی هەینی 24-4-2020 یەکەمین رۆژی مانگی رەمەزانی ساڵی 1441ی کۆچی دەبێت".
لیژنەکە راشیگەیاند، پاراستنی مرۆڤ لەپێش پاراستنی شوێنی سوجدەی مرۆڤەکانەوەیە، بەپێی شیکارییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیار لە کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان دەدرێت، هیچ موسڵمانێک گوناهبار نابێت ئەگەر دەرگای مزگەوتەکان نەکرێنەوە بۆ ئەنجامدانی نوێژە فەرز و سوننەتەکان.
ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ و داخستنی شوێنە ئایینییەکانی دا، لەنێویاندا مزگەوتەکان، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانیان و رێگریکردن بوو لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.