سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم سوپاسی مامۆستایانی ئایینی دەکات و پیرۆزبایی مانگی رەمەزان لە موسڵمانان دەکات

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەرێز مه‌سرور بارزانی، به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا سوپاسی مامۆستایانی ئایینی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، رۆڵێكی گرنگ و به‌رچاویان هه‌بوو له‌ جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا.


سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، مامۆستایانی ئایینی رۆڵێكی گرنگیان هه‌بووه‌ لە هاوکاریکردن و جێبەجێکردنی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێنماییە تەندروستییەکان.


ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:


پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزان


بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز ، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکەم. هیوادارم مانگی خێر و بەرەکەت و رەحمەت بێت و خوای مەزن و دلۆڤان ، رۆژوو و نزا و عیبادەتی هەمووان قبوڵ بکات.


لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی مامۆستایانی ئاینی هەرێمی کوردستان بکەم کە رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبوو لە هاوکاریکردنی جێبەجێکردنی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێنماییە تەندروستییەکان . داواشیان لێدەکەم کە بەردەوام بن لە رێنماییکردنی هاووڵاتییان بۆ پاراستنی خۆیان و کۆمەڵگە لەم پەتایە.


ئومێدەوارین هاتنی مانگی رەمەزان ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەک.


 


مەسرور بارزانی


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان


2020/4/23