سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری کۆبوونەوەی فراوانی تایبەت بە کۆرۆنا دەکات

ئەمرۆ 14ی5ی2020 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری کۆبوونەوەی فراروانی تایبەت بە کۆرۆنا کرد.


کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و بەشداریکردنی وەزیری تەندروستی و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و پارێزگارانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم و یەکێتی زانایان و بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئێستا و کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام درا.


لەو بارەوە بەرێز د.عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان بەسایتی زانایانی رایگەیاند: بەشداری کردنمان لەو کۆبوونەوەیە زیاتر پەرۆشی قۆناغەکە بووە، بۆیە دوای هەڵسەنگاندنی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو دۆخی ئێستای هەرێم جەخت لەوە کرایەوە، کە هێشتا مەترسی کۆرۆنا ماوەو گرنگە رێکارە تەندروستیەکان جێبەجێ بکرێن.


هەروەها گوتیشی: وێرای جەخت کردنەوە لە رۆلی زانایانی ئایینی لە رووبەروو بوونەوەی مەترسی کۆرۆناو پابەندیان بە رێنماییەکان و گەنگەشەی تەواوی پرس و بابەتەکانی پەیوەست بە رەوشی ئایینی و مزگەوتەکان گەیشتینە ئەو ئەنجامە، کە مزگەوتەکان بەکراوەیی دەمێننەوە، بەمەرجی پابەندی و جێبەجێ کردنی رێنماییەکانی تەندروستی و تایبەت بە مزگەوتەوە.


گوتیشی: جارێکی تر جەخت دەکەینەوە کە لەپێناو سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان پێویستە پابەندی رێنماییەکان بین و داواش لە هاوڵاتیان دەکەین هاوکار بن بۆ جێبەجێ کردنی ئەو رێنماییانە، تا بتوانین بە هیممەتی هەموو لایەک کوردستان بپارێزین لەو مەترسیە.