سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشدار کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە کۆرۆنا دەکات

ئەمرۆ 20ی5ی2020 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەرێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری کۆنفرانسی بیستەمی نێودەوڵەتی سەنتەری ئیمامی شافعی شانشینی ئوردن کرد.


کۆنفرانسەکە بەناونیشانی (کۆرۆناو کاریگەریەکانی بەسەر کۆمەڵگەوە) ساز کرابوو، کە تێیدا ئەم تەوەرانەی لەخۆ گرتبوو:


کۆرۆناو چەند ئەحکامێکی تایبەت و جیازار- بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان- کوردستان.


بەڵا وەک سونەتێکی کەونی و رێگاکانی نەهێشتنی- بەرێز د. حسین دورەید – ئوردەن.


کاریگەریە ئەرێنی و نەرێنیەکانی کۆرۆنا- بەرێز د. وەحید ئەلشافعی – میسڕ.


داعش و هەڵوێستەکانی لەناو کۆمەڵگە لەسەردەمی کۆرۆنا- بەرێز د. سەمیر موراد ئەلشوابکە – ئوردەن.


لە توێژینەوەکەیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە فیقهو فەتوا لەسەردەمی کۆرۆناو، بەتایبەت پرسی راگرتنی نوێژی هەینی و بەکۆمەڵ و لێکەوتەکانی لەدیدی زانایانی جیهانی ئیسلامی.


لەبەشێکی تری بابەتەکەیدا ئاماژەی بەوەدا: پێویستە زانایانی ئایینی و ئەهلی فەتوا بۆ رووداوی هاوشێوە دەکرێ وردترو بەرەچاوکردنی پسپۆری زووتر قسە لەسەر پێشهاتەکان بکات، چونکە لە زۆرێک لە وڵاتان فەتوا دوای بریاری حکومەت هاتە کایەوە، لە کاتێکدا باشتر دەبوو حکومەت پەیوەستی فەتوا بوایە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاماژە بە زۆرێک لە گرفت و ئاریشەو کاردانەوەکانی کۆرۆنا بەسەر فەتواو زانایان و موسڵمان لە جیهانی ئیسلامی کرد، کە لە زۆرێک لەو وڵاتانە لە بریارو گەنگەشەی پرسی کۆرۆنا سۆز زاڵ بووە بەسەر عەقل و ئەمەش کاریگەری لەسەر رێڕەوی فەتوادان و جیهانی ئیسلامی هەبووە.


کۆنفرانسەکە بە کۆمەڵێک راسپاردەو بڕیاری گرنگە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا، کە ئەمە یەکەمین کۆنفرانسی سەنتەری ئیمامی شافعیە لە وڵاتی ئوردەن لە رێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ساز بکات.


بۆ بینینی تەواوی کۆنفرانسەکە دەتوانن لەم لینکەی خوارەوە کلیک بکەن:


https://web.facebook.com/emamshaficenter/videos/239248577401284/