مامۆستا مەلا عبداللطیف پێنجوێنی دوای تووشبوونی بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات

ئەمرۆ 25ی6ی2020 مامۆستا مەلا عبداللطیف پێنجوێنی پێشنوێژو وتار خوێنی مزگەوتی قازی محمد لە شاری پێنجوێن بە نەخۆشی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.


مامۆستا شێخ غازی بەرپرسی لقی شارەزوری یەکێتی زانایان بە سایتی زانایانی راگەیاند: بەداخەوە مامۆستا مەلا عبداللطیف پێنجوێنی کەسایەتی و زانایەکی دیاری شاری پێنجوێن بوو ئەمرۆ بەیانی بەم پەتایە کۆچی دوایی کرد.


هەروەها مامۆستا مەلا غەریب پێنجوێنی بەرپرسی ناوچەی پێنجوێنی یەکێتی زانایان بە سایتی زانایانی گوت: مامۆستا مەلا عبداللطیف پێنجوێنی بەپێی زانیاری ئێمە هیچ نەخۆشیەکی نەبوو تەنها ماوەی هەفتەیەک پترە تووشی کۆرۆنا بووەو بەو هۆیەوە ئەمرۆ کۆچی دوایی کرد، بەر لە وەفاتی خۆی مامێک و باوکیشی بەو نەخۆشیەوە گیانیان لەدەستدا.


 


بەو بۆنەوە یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای گەورەو میهرەبان


خانەوادەی بەرێز مامۆستا مەلا عبداللطیف پێنجوێنی قازی محمد


وێڕای رازیبوون بە قەدەری خوای گەورە، هەواڵی کۆچی دوایی (مامۆستا مەلا عبداللطیف پێنجوێنی)مان پێگەیشت.


مامۆستا زاناو کەسایەتیەکی ئاینی و کۆمەڵایەتی دەڤەری پێنجوێن بوو، لە بنەماڵەیەکی خانەدان و ناوداری پێنجوێن بوو، زانایەکی لە خواترس و صاڵح، ماندوونەناسێکی کەم وێنە، بانگخوازێکی سەرکەوتوو، مەلایەکی خۆشەویستی خەڵک، ووتاربێژێکی بە ئەزموون، کۆڵنەدەر، تێکۆشەر، غەمی بەردەوامی خزمەتی ئایین و خەڵک و خاکی خۆی بوو، بەردەوام لە بیری ڕێنمونی گەنجان و لاوان بوو بێ ماندووبوون و پسان. سەدان منداڵ و گەنج و لاو لەو دەڤەرەدا بەهرەمەندبوون لە ئامۆژگارییە جوانەکانی، لە ئەڵقەکانی قورئانی پیرۆز، لە دەرس و موحازەڕەکانی، بەداخەوە ئەمرۆ بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.


بەو بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی لە زانایانی دەڤەری پێنجوێن و خانەوادەو کەس و کاری مامۆستای رەحمەتی دەکەین، لەخوای گەورە داواکارین سەبرو ئارامی بە خزم و دۆستانی ببەخشێت و جێگەی کۆچکردوو بەهەشتی بەرین بێت.


انا لله وانا اليه راجعون


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


25ی6ی۲٠۲٠