بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرە خانەنشین کراو سەرۆکی یەکێتی زانایانیش سوپاسی خزمەتەکانی دەکات

ئەمرۆ 25ی6ی2020 بەرێز شێخ قاسم رەسول بەرزنجی بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرەی کوردستان ماوەی یاسایی فەرمانبەری تەواو کردو خانەنشین بوو.


شێخ قاسم بەرزنجی لە سەر میلاکی وەزراەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی فەرمانبەر بووەو بەدرێژایی تەمەنی خزمەتێکی باشی کردووەو لە ئاست و پۆستی جۆراوجۆری ئیداری لەناو وەزارەتی ئەوقاف کاری کردووەو بەردەوامیش یەکێک بوو لەوانەی دڵسۆزانە ئەرکەکانی راپەراندووەو رێزی زۆری بۆ مامۆستایانی ئایینی داناوە.


لە پەیامێکدا بۆ سایتی (زانایان) بەرێز د.عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان لەو بارەوە گوتی: دیارە برای بەرێزم شێخ قاسم بەرزنجی ئیمرۆ ماوەی یاسایی فەرمانبەری تەواو کردو دوای تەمەنێک خزمەت خانەنشین بوو، لێرەوە سوپاسی هەڵوێست و خزمەت و دڵسۆزی و جوان بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی دەکەین و ماندوو بوونی بەرێزیان لەخزمەتی پیشەیی و هەستی نیشتمانی بەرز دەنرخێنین، لەماوەی رابردووش وەک بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرە هەماهەنگی باشی لەگەڵ یەکێتی زانایان هەبووە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئەرکێکی گەروەی لەسەر شانە، هیوادارین لەئایندەش هەرکێ ئەو بەرپرسیارتیەی وەرگرت لەسەر هەماهەنگی و خزمەتی زانایانی ئایینی و حاجی و عومرەکاران بەردەوام بێت.