خێرخوازێک بەرهەمی تەماتەی جووتیاران دەکڕێت و بەسەر کەمپەکان و خەڵکی هەژار دابەشی دەکات

رۆژی دووشەممە بەشێک لە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر گردبوونەوە و تەماتەکانی خۆیان فڕێدایە سەر شەقام. ئەمڕۆ خێرخوازێک بڕیاریدا بەرهەمی تەماتەی هەموو جووتیارانی قەزای خەبات بکڕێتەوە و بێ بەرامبەر بەسەر کۆمەڵگەکان و خەڵکی کەمدەرامەت دابەشی بکات. 


 رۆژی دووشەممە7ی7ی2020 جووتیارانی هەولێر و قەزای خەبات بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان، بەشێکی زۆر لە بەرهەمی تەماتەی خۆیان فڕێدا، دواتر قایمقامیەتی قەزای خەبات لەگەڵ پارێزگای هەولێر کۆبوونەوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران و ساخکردنەوەی چۆنیێتی بەرهەمەکانیان.


 کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خۆشبەختانە خێرخوازێک ئامادەیی دەربڕیوە هەموو بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی قەزای خەبات بکڕێتەوە، لەبەرامبەر هەر سندوقێک تەماتەش بڕی سێ هەزار دینار دەداتە جووتیارەکە، هەمان رۆژیش تەماتەکان دەباتە کەمپەکان و بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتدا دابەشیان دەکات.


 ئەم خێرخوازە داوا لە جووتیارانی سنووری قەزای خەبات دەکات لە کاتژمێر 4 تاوەکو 6ی بەیانی رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە 8 و 9ی ئەم مانگە تەماتەکانیان بهێننە مەفرەقی کەورگۆسک و لەوێ بەرهەمەکانیان لێوەردەگیرێت. سەرچاوە: رووداو.