مامۆستا مەلا جەمیل عەلی شاوێسی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات

ئەمرۆ 17ی7ی2020 دوای ململانێكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، كەسایەتی دیاری كوردستان و شاری هەولێر مامۆستا مەلا جەمیل عەلی شاوێسی پێشنوێژو وتارخوێنى مزگەوتى عەلائەددین سەجادی لە هەولێر كۆچی دوایی كرد، بەو بۆنەوە یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای گەورەو میهرەبان


(كُلُّ نَفْسٍ ذَائِقَةُ الْمَوْتِ ثُمَّ إِلَيْنَا تُرْجَعُونَ)


خانەوادەی بەرێز مامۆستا مەلا جەمیل عەلی شاوێسی


وێڕای رازیبوون بە قەدەری خوای گەورە، هەواڵی کۆچی دوایی (مەلا جەمیل عەلی شاوێسی)مان پێگەیشت، کە دوای نیوەرۆی ئەمرۆ هەینی دوای نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.


مامۆستا زاناو کەسایەتیەکی ئاینی و کۆمەڵایەتی بوو، خاوەنی هەست و هەڵوێستێکی میانرەوی خزمەت بە ئایین و نیشتمان بوو، بە لوتف و خزمەت و وتارو هەستە جوانەکانی هەمیشە خزمەتی زۆری کردووەو جێی رێزی خەڵک بوو، دیندارو خواناس و زاناو پیاوێکی قسەخۆش و ڕۆح سووک و میوان دۆست و خانەدان بوو.


بەو بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادەو کەس و کاری مامۆستای رەحمەتی دەکەین، لەخوای گەورە داواکارین سەبرو ئارامی بە خزم و دۆستانی ببەخشێت و جێگەی کۆچکردوو بەهەشتی بەرین بێت.


انا لله وانا اليه راجعون


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


17ی7ی۲٠۲٠