سەرۆکی یەکێتی زانایان: بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەکە لەهەوڵی جددی داین بۆ کردنەوەی مزگەوتەکان

 دوای داخستنی مزگەوتەکان بە مەبەستی سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان و نوێژخوێنان بەهۆی مەترسی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێستادا هەوڵی جددی هەیە بۆ کردنەوەی مزگەوتەکان بەرووی نوێژخوێنان.


لەو بارەوە بەرێز د.عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە سایتی زانایانی راگەیاند: لە ماوەی رابردوو داخستنی مزگەوتەکان بەمەبەستی رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا بووە، کە هەم وتاری هەینی هەمیش نوێژی بە کۆمەڵ ماوەیەکە وەستاوە، لەم ماوەیەش شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا لەسەرەتای مانگی حوزەیرانەوە بە چڕی رووی لە کوردستان کردو ئێستاش بەردەوامە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ئەرکی خۆپارێزی لەو پەتایە زیاتر خودپارێزیەو هاوڵاتیان دەبێ هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن لەپێناو سەلامەتی خۆیان و دەوروبەریان و وەک پابەندی بە رێنماییەکانی شەریعەت خۆپارێزی کارێکی باش و پێویستە، بۆ کردنەوەی مزگەوتەکانیش لەهەوڵی جددی داین بە لەبەرچاوو گرتنی دۆخەکەو پابەندی بە رێنماییەکانی تەندروستی و ئەوقاف مزگەوتەکان بکرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستە ماوەیەکە لەسەر خەتین و لەگەڵ لایەنی پەیوەندار لەهەوڵی بەردەوام داین بۆ کردنەوەی مزگەوتەکان، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین ئەو هەنگاوە بەرپرسیارێتیشی تێدایە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان هەروەها گوتی: من جارێکی تر سوپاسی پابەندی و هەست و هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی زانایانی ئایینی  دەکەم، کە بەردەوام خەمی سەلامەتی هاوڵاتیانیان لەبەرچاو گرتووەو بەلایانەوە گرنگ بووە، لەلایەکی تریش خەمی کردنەوەی مزگەوت و ئەنجامدانی نوێژو وتاری هەینیان هەبووە، ئومێدمان وایە خوای گەورە ئەو نەخۆشیە لەسەر هەموو لایەکمان هەڵبگرێت و ژیان ئاسایی بێتەوە.