مردووانی کۆرۆنا بە رێکاری شەرعی دەشوورێن و دەشاردرێنەوە

دوابەدوای نووسراوی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی تەندرووستی هەرێمیان کرد دەربارەی پێویستی پابەندبوون بە رێکارە شەرعییەکان لە چۆنیەتی مامەلەکردن لەگەڵ مردووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزارەتی ناوبراو نووسراوێکی ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەکانی تەندرووستی لە سەرتاسەری هەرێم کردووە، تێیدا تەواوی ئەو بڕگانەیان روونکردۆتەوە کە ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دەستنیشانی کردووەو لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلامەوە پێویستە لە شووشتن و ناشتنی ئەو کەسانەی بە هۆی ڤایرۆسەکە دەمرن جێبەجێ بکرێن، لەوانە:


یەکەم: نیەتهێنانی شووشتنی مردوو لەلایەن کەسی راسپێردراو بە شووشتنی مردووەکە.


دووەم: دڵنیابوون لەوەی کە ئاوی پاك بەسەر هەموو لاشەی مردووەکە دابکرێت، ئەگەر بە ڕشاندنیش بێت لە دوورەوە، بەڵام گرنگە ئاوەکە پاك بێت.


سێیەم: دڵنیابوون لە پاکی ئەو پۆشاکەی کە لەبری کفن بەکاردێت.


چوارەم: ئەنجامدانی نوێژی مردوو لەسەر مردووەکە لەلایەن کەسێکی شارەزا.


لە کۆتایی نووسراوەکەی وەزارەت هاتووە: هیچ رێگرییەکی زانستی نییە بۆ ناشتنی مردووەکە بە رێگاکانی کارپێکراو بۆ ناشتنی مردوو بە نەخۆشییەکانی تر لەلایەنی قووڵی قەبرەکەوە، وە دەکرێت مردووەکە لە هەر گۆڕستانێك بنێژرێت کە کەس و کاری مردووەکە دیاری دەکەن.