میسڕ: بە بەشداری کورد وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی بەناونێشانی تیرۆرستان و بەسەربازکردنی منداڵان بەرێوە دەچێت

رۆژێ 31ی8ی2020 بە بەشداری کورد وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی بەناونێشانی (تیرۆرستان و بەسەربازکردنی منداڵان - پاڵنەر، هۆکار، بەرەنگاربوونەوە) بەرێوە چوو.


وۆرکشۆپەکە بە بەشداری (22) دەوڵەت و بە ئامادەبوونی هەر یەك لە بەرێزان د. ئوسامە یاسین ئەمینداری گشتی رابیتەی دەرچووانی ئەزهەر، دکتۆر ئیبڕاهیم هودهود سەرۆکی پێشووی ئەزهەرو راوێژکاری زانستی رابیتەکەو دکتۆر محەمەد میحرەساوی سەرۆکی زانکۆی ئەزهەرو شێخ ساڵح عەباس وەکیلی ئەزهەری شەریف کارەکانی راپەراند.


لەو وۆرکشۆپە بەرێز د.جەعفەر گوانی ئەندامی پێشووی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان لە کوردستانەوە بە وتارێک بە ناونیشانی (بەسەربازکردنی منداڵان و شوێنەوارە نەڕێنییەکانی بۆ ئیسلام) بەشداری کردو دیدو هەڵوێستی ئیسلام و روانگەی کوردستانی لەو بارەوە خستە ڕوو.


لەو بابەتەی پێشکەشی کرد تیشکی خستە سەر سێ تەوەری سەرەکی: (یەکەم: پیشاندانی مسوڵمانان بە پێشێلکردنی یاسا. دووەم: پێشێلکردنی مافەکانی منداڵ. سێیەم: پێشێلکردنی مافەکانی دایباب).


لە بەشێکی بابەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە کەسانێك بەناوی ئایینەوە بەم کارانەیان زیانێکی گەورە لە ناوبانگی ئیسلام ومسوڵمانان دەدەن. چونکە هەموو ئەوانەی ئەم کارانە دەکەن لە هەر ئایدۆلۆژیاو هەر دین و نەتەوەو جوگرافیایەك بن، دواجار کەسایەتی خۆیان دەفەوتێنن.


لە کۆتاییدا باسەکەیدا د. جەعفەر گوانی ئاماژەی بەوەشدا: کە خۆشبەختانە لە کوردستان خەڵك و حکومەت و لە سەرووی هەمووشیانەوە زانایانی ئایینی دژی ئەو دیاردە مەترسیدارەن و لە داهاتووشدا پتر دژی دەوەستینەوە.