مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات

 ئەمرۆ سێشەممە 1ی9ی2020 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی لەبارەگای سەرەکی یەکێتی زانایان لە شاری هەولێر پێشوازیان لە بەرێز مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و شاندێکی یاوەری کرد.


لە دانیشتنێکی دۆستانەو لەدەسپێکدا ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و باسی لە خزمەتی زانایان و رۆڵی یەکێتی زانایان کردو تیشکی خستە سەر رەوشی ئێستاو چەند بابەتێکی تری پەیوەستەوە.


هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێوە وەکو یەکێتی زانایان چاوەرێی زۆرتان لێ دەکرێ و خۆم بە یەکێ لە ئێوە دەزانم و هەمیشە لەگەڵ زانایانم، هەمووشمان پێکەوە جوانین و گرنگە کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بکەین، ئێمە وەکو کۆمەڵی ئیسلامی لە خزمەتی ئێوەداین.


دواتر بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەخێرهێنان و خۆشحاڵی دەربڕین بەسەردانی بەرێزیان باسی دۆخی ئێستاو رۆڵی زانایان و ئەرکی یەکێتی زانایان کردو ئاماژەی بەوەدا کە هەمیشە رۆڵی زانایان رۆڵێکی ئیجابی و ئیسلامی و ئیسڵاحی بووە، لەو پێناوەش کۆسپ و تەگەرەی زۆریان هاتۆتە رێ، بەڵام هەر بەردەوام بوون لەسەر خزمەتکردن.


سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاماژەی بەوەش کرد، کە پێویستە هەمووان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و بە لێک تێگەیشتن و هەماهەنگی هەنگاو بنێین، چونکە بەداخەوە هەندێ جار جۆرێک لە بەلارێبردن و چەواشەکاری و جولاندنی هەستی خەڵکی لەهەندێ پرس و پێشهات هەستی پێ دەکرێ، گرنگە سەرقاڵی رەخنەی بنیاتنەر بین. هەروەک باسی لە گرنگی هەماهەنگی و پەیوەندی پیشەیی و کاری پێکەوەیی کرد.


دواتر ئامادەبووان چەند باس و گفتوگۆیەکی هەمەلایەنەیان گەنگەشە کردو چەند پرس و بابەتێکی پەیوەست بە دۆخی ئێستاو پەیوەندی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.