ئەنجومەنی باڵای فەتوا حوکمی کڕینی کاڵاو زێڕ بە نرخێکی زۆر بە قەرزو فرۆشتنەوەی بە نرخێکی کەمتر بە حازرو چەند شێوازێکی دیکەی ئەم جۆرە بازرگانیانە روون دەکاتەوە

 ئەمرۆ 1ی9ی2020 ئەنجومەنی باڵای فەتوا فەتوایەکی بڵاوکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوو لقی رانیەو پشدەری یەکێتی زانایان بە نوسراوێکی فەرمی پرسیاری ئەوەیان ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا کرد، سەبارەت بە حوکمی کڕینی کاڵاو زێڕ بە نرخێکی زۆر بە قەرزو فرۆشتنەوەی بە نرخێکی کەمتر بە حازرو چەند شێوەیەکی تری ئەم مامەڵەیە، ئەنجومەنی باڵای فەتوا دوای تاوتوێ کردنی بابەتەکەو گەڕانەوە سەرچاوەکان و مەبەستەباڵاکانی شەریعەت ئم بابەتەی روون کردەوە.


لەبەشێکی فەتوایەکە هاتووە: زۆربەی شێوازەکانی ئەو مامەڵەیە یان لە خودی خۆیاندا حەرامن یان سەردەکێشن بۆ حەرام، لەبەر ئەوەی فرۆشتنی هەر کاڵایەک پێش وەرگرتنی حەرامە.


لەبەشێکی تری هاتووە: زۆر ئاشکرایە ئەم مامەڵانە فێڵێکن بۆ ریباو سوو خواردن چونکە ئەو کەسەی کاڵاکان دەکڕێ بە قەرز بۆ ئەوەی نییە سود لەو کاڵایانە وەربگرێ بۆ خۆی، بەڵکو تەنها مەبەستی ئەوەیە پارەو سیولەی بێتە سەر.


هەروەها هاتووە: زەمانەتێک و کەفالەتێک لەم مامەڵانەدا نیەو شاهیدو نووسینیشی تیادا نیە، ئەوەش سەر دەکێشێ بۆ فەوتانی ماڵی خەڵکانێک و روودانی چەندین کێشەو دووبەرەکی لەناو خەڵکدا.


ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە کۆتایی فەتوایەکە داوا لە هاوڵاتیان دەکات خۆیان لەو جۆرە مامەڵانە بپارێزن و پارە حەڵاڵەکانیان تێکەڵ بە حەرام نەکەن.


بۆ بینینی دەقی فەتوایەکە دەتوانن سەردانی ئەم لینکانەی خوارەوە بکە:


http://www.zanayan.org/t_detail.php?section=2&id=26559


http://www.zanayan.org/book_pro.php?id=221&scheme=