ئەنجومەنی باڵای فەتوا سەبارەت بە هاتنەوەی مانگی مەولوود روونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە

لەگەڵ هاتنەوەی مانگی موبارەکی رەبیعولئەوەل، مانگی لەدایکبوونی فەخری کائینات حەزرەتی محمد (درودی خوای گەورەی لەسەر بێت)، کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆناو پێویستی خۆپارێزی و پابەندی بە رێنماییە تەندروستیەکان، ئەنجومەنی باڵای فەتوا روونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی: 


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


((قل بفضل الله وبرحمته فبذلك فليفرحوا)) سورة يونس الآية:۵۸.


وێرای پیرۆزبایی کردنمان بە بۆنەی هاتنەوەی یادی لەدایکبوونی فەخری کائینات (صلى الله عليه وسلم) لە خۆمان و گشت موسڵمانانی کوردستان و جیهانی ئیسلامی.


لەبەر بارودۆخی ناجێگیری تەندروستی گشتی لە کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا -کۆڤید19- کە رێنماییە تەندروستیەکان وا دەخوازن گردبوونەوە نەکرێت بۆ هیچ بۆنەیەک.


لەو روانگەوە وەک ئەنجومەنی باڵای فەتوا پێمان باشە بۆ ئەمساڵ شێوازی ئاهەنگگێڕانەکە لە گردبوونەوە لە ماڵ و مزگەوت و خانەقاو تەکیەکان بگۆڕدرێت بە دەربڕینی دڵخۆشی بە بڵاوکردنەوەو هەڵواسینی لافیتەو دروشمەکان لە شوێنە گشتیەکان و هەروەها لە سۆشیال میدیا..


ئاشکرایە کە مەولوودکردن واتە دەربڕینی خۆشحاڵی و خۆشەویستی و ئەنجامدانی خێرو سەدەقەو چاکە بۆ ڕۆحانیەتی پیرۆزی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، ئاساییە ئەو سەدەقەو خێرو چاکانەیش، کە موسڵمانان دەیکەن بدرێتە هەژاران و بەشێوەی خۆی بڵاو بکرێتەوە، چونکە سەدەقە دەفعی بەڵاو موسیبەت دەکات بەپێی دەقەکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام، ئەم جۆرەیش هەر بەشێکە لە کاری پیرۆزی مەولوودنامەو یادەوەری لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) خوای گەورە هاوکاری دڵسۆزانە..


 


ئەنجومەنی باڵای فەتوا


۱۸ی۱٠ی۲٠۲٠ز


۱/ربیع الأول/۱٤٤۲هـ