سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی دەزگای گشتی کاروباری مین دەکات

 ئەمرۆ 4ی11ی2020 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەال خەیلانی جێگری سەرۆک سەردانی دەزگای گشتی کاروباری مینیان کردو بە گەرمیەوە لەلایەن سەرۆک و دەستەی کارگێری دەزگای ناوبراو پێشوازی کران.


سەرۆكی یەكێتی زانایان  پیرۆزبایی دەست بەكاربوونی لە سەرۆكی دەزگا بەرێز جەبار مستەفا كرد و هیوای خواست لە كارەكانی سەركەوتوو بیت و تەئکیدیشی لەهەماهەنگی و پەیوەندی نێوان هەردوولا کردەوەو ئاماژەی بەوەشدا کە زانایان بە گرنگیەوە لەکارەکانی دەزگای مین رادەمێنن.


سەرۆکی یەکێتی زانایان جەختی لەوەش کردەوە، کە پاكسازی كردن لە كێڵگە مینەكان و لە ناوبردنی مین و تەقەمەنی لە ئیسلامدا ئەركێكی پیرۆزە، پاداشتی گەورەی لە دوارۆژدا هەیە. چونكە دووژمنان بەشێكی زۆری خاكی كوردستانیان بە مین و تەقەمەنی پیسكردووە، چەندین مرۆڤ و گیاندار بوونەتە قوربانی، رۆژانەش قوربانی لێدەكەوێتەوە.


لەلایەن خۆیەوە  بەرێز جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگا سوپاسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی كرد و گوتی: ئەوەی لەتوانایان دابێت بۆ پاككردنەوەی  خاكی كوردستان دەیكەین و رۆژانەش تیمەكانی مینلابەری بەردەوامن لە لەناوبردنی مین و تەقەمەنی  كە مەترسیەكی بەردەوامن لە سەر گیانی هاونیشتیمانیان.


هەروەها رۆڵی زانایانی ئایینی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەمەڕ مەترسیەکانی مین بەرز نرخاندو سوپاسی کردن کە هەمیشە هاوکارو هەماهەنگن بۆ دەزگاو تیمەکانی مینلابەری کوردستان.