کتێبی (دیدی ئیسلام.. پرسی هزری توندڕەویی- سەربەخۆیی و پێکەوەژیان) بەچاپ گەیشت

 ئەم کتێبە (دیدی ئیسلام.. پرسی هزری توندڕەویی- سەربەخۆیی و بە یەکەوە ژیان) یەکێکە لەو بەرهەمە نایابانەی زادەی تێڕوانین و خامەی رەنگینی زانایانی کوردە، کە راشکاوانە هەڵوێستی خۆیان لە چوارچێوەی تێگەیشتنی دروستی ئایینی لەمەڕ پرسە هەستیارەکانی وەک (توندڕەوی و تیرۆر، مافی سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون، ئاشتی و پێکەوەژیان، هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی، ریفۆڕمی ئیداری و کۆمەڵایەتی، یەکریزی و وەلانانی ململانێ....هتد) خستۆتە ڕوو.


ئەم کتێبە کۆکراوەی دیدو خزمەت و تێڕوانین و هەست و هەڵوێستی زانایانی ئایینیە لە ماوەی قۆناغی شەڕی نەگریسی داعش و پارێزگاری لە کیان و قەوارەی کوردستان، واتە هەڵقوڵاوی هەناوی قۆناغێکی تایبەتە، کە تێیدا کوردستان لە پێناو سەقامگیری و پاراستنی کەڕامەت و رەتکردنەوەی داگیرکاری دەریایەک خوێنی بەخشی.


ئەم هەنگاوە پرۆژەیەکی هاوبەشی (یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و گۆڤاری گوڵان)ە، کە وەک خزمەتێک بۆ بەرچاوخستنی رۆڵ و پێگەی زانایانی ئایینی و هەستی بەرزی نەتەوەپەروەری و نیشتمان دۆستیان لە رێی هۆشیارکردنەوە تاکی کوردو پاڵپشتی مەعنەوی هێزی پێشمەرگەو هاندانی کۆمەڵگە بۆ پارێزگاری لە خاک و خەڵکی کوردستان و رەتکردنەوەی داگیرکاری و هزری توندڕەوی و تیرۆر.


ئەم کتێبە لە کۆتایی ساڵی 2019 بە تیراژی 2000 دانەو بە قەبارەی 424 لاپەڕە چاپ کرا، بڕیار وابوو لە هەنگاوێکی شایستەدا تایبەت بە ناساندن و بەرچاوخستن و شیاندنی ئەم کارو پرۆژەیە لەسەر ئاستی کوردستان مەراسیمێکی پەیوەست بەرێوە بچێت، بەڵام بەداخەوە کۆرۆنا دەرفەتی سازکردنی نەهێشت.


لەم کتێبەدا کۆمەڵێک بابەت و توێژینەوەو دیمانەو راپۆرتی مەیدانی و شرۆڤەو شیکاری ئایینی و هزری و لۆژیکی خراوەتە ڕوو، کە هەنگاوێکی گرنگی مێژوویی و دیکۆمێنتاری خزمەتی زانایانی ئایینیە لە پێناو بەرەو پێشبردنی کیانی کوردی و پاراستنی کوردستان، لەهەمان کات سەرچاوەو خەرمانێکی بە پێزە بۆ توێژەرو خوێنەرو نوسەرو هزرڤانان.