ئەنجومەنی باڵای فەتوا دابەشکردنی موڵکەکانی وەقف لە عیراق رەت دەکاتەوەو بە ناشەرعی دادەنێت

 لەهەمبەر ئەو رێککەوتنەی نێوان هەردوو دیوانی وەقفی سوننی و شیعی عیراق سەبارەت بە دابەشکردنی موڵکەکانی وەقف بەسەر هەردوولا لەسەر بنەمای تائیفی، ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەهەرێمی کوردستان ئەو کارە رەت داکاتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە ۲٤/۱۱/۲٠۲٠ ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە بەیاننامەیەکدا ئەو کارو هەنگاوەی دابەشکردنی موڵکە وەقفکراوەکان بەسەر یەکتری (دیوانی وەقفی سوننە- دیوانی وەقفی شیعە) بەتەواوەتی رەت دەکاتەوەو بە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی دادەنێت.


بەیاننامەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو موڵکانە موڵکی وەقفن و پێشتر لە وەزارەتی ئەوقافی عیراقی تۆمار کراون و دەستکاری کردنیان وابەستەیە بە خودی وەقفکارەکە، ناکرێ بەو شێوەیە مامەڵەیان پێ بکرێت و بە بڕیارو رێکەوتنی ئیداری، وەک ئەوەی ئێستا ئەو دوو دامەزراوەیە بێ گەڕانەوە بۆ مەرجە پەیوەستەکان، بەسەر هەردوو دیوانی وەقفی سووننەو شیعە دابەشی بکەن، چونکە ئەو کارە لەگەڵ ئەحکامی شەرعی و فیقهی ئیسلامی یەکناگرێتەوە.


هەر لە بەیاننامەکە هاتووە: دابەشکردنی زەوی و موڵکی وەقف لە سنووری پارێزگای کەرکوک لەسەر بنەمای تائیفی، کە بە ناوچەی کێشە لەسەرەکان ناوزەند کراوە، دزیێکی ئاشکراو رێگایەکە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە لەژێر پەردەی ئایینی.


لەگەڵ ئەوەش ئەرکی ئەوقاف سەرپەرشتی کردنی موڵکە وەقفکراوەکانە بەپێی مەرجی وەقفکەرەکەو، چاودێری و پاراستنی ئەو موڵکانەیە لەچوارچێوەی بەرژەوەندی شەرعی و دروست نیە بۆ کارو ئامانجی تایبەتی بەکاریان بێنێت و زیانیان لێ بدات.


لە بەشێکی تری بەیاننامە هاتووە: ئەو جۆرە هەنگاوانە وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتن، لەهەمان کات سەردەکێشێ بۆ پەرتەوازەیی نیشتمانی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی.


 


بۆ خوێندنەوەی دەقی بەیاننامەکە کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارە بکە:


http://www.zanayan.org/arabic/t_detail.php?section=4&id=26497