یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام داو چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات

ئەمرۆ 15ی2ی2021 بەسەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و بە ئامادەبوونی بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی ئاسایی و فراوانی یەکێتی زانایان لەبارەگای مەکتەبی تەنفیزی لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.


سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاسی تایبەتی ئاراستەی زانایان و سەرجەم لقەکان کرد، کە لە ماوەی رابردوو وێڕای پابەندی و ئەنجامدانی چالاکی، خزمەتێکی باشیان لەبواری ئایینداری و ئەرکی سەرشانیان جێبەجێ کردووە.


دواتر ئامانجی کۆبوونەوەکەی خستە روو، کە پەیوەست بوو بە چەند پرسێکی تایبەت و پەیوەست بە رەوشی دینداری و ئیدارەو بەرێوەچوونی کارەکان و کۆی ئەو پرس پێشهاتانەی لەگۆڕەپانی ئەمرۆی کوردستان دەگوزەرێت، هەروەک تیشک خرایە سەر ئەو ئاریشەو گرفتانەی لەماوەی رابردوو هەبوون بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گۆنجاو بۆیان، لەگەڵ باسکردنی رەوشی مزگەوتەکان و وتارخوێنان و خۆبەخشان لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان.


لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرا، وەک پێویستیەک بۆ باشتر بەرێوەچوونی کارەکان و خزمەتی زیاتر رەوشی ئایینپەروەری لە هەرێمی کوردستان.


لە بەشێکی تری کۆبوونەوە باسی لە پرسی گوتاری ئایینی و بەتایبەت وتاری هەینی و پرسی بۆردی وتارو گەنگەشەی سەرجەم لێکەوتەو لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکان کردو بە ووردی سەرنج و تێبینی لەو بارەوە خرایە روو.


هەروەک بەشێکی تری کۆبوونەوە تەرخان کرابوو بۆ بابەتی خوێندنی ئایینی و ئاریشەکانی بەردەم خوێندنی ئیسلامی کوردستان، هەروەک بە تێرو تەسەلی باس لە خوێندنی حوجرەو ئەو رێنماییانە کرا، کە لە لایەن وەزارەتی ئەوقافەوە دەرکراون بۆ کردنەوەی خوێندنی ئایینی لە هەرێمی کوردستان.


دواتر دەرگای گفتوگۆ لەبەردەم ئەندامانی سەرکردایەتی کرایەوەو لەسەر تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەو چەندین پرسی دیکە سەرنج و پێشنیارو هەڵوەستەو تاوتوێی پەیوەست خرایە روو..