پارێزگاری هەولێر سەردانی مەکتەبی مەکتەبی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 3ی3ی2021 بەرێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو دکتۆر عەلی رەشید سەرۆکی ئەجومەنی پارێزگاو ستافی پارێزگاو بەرێز د.دیار جەباری بەرێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانیان کردو لەلایەن بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی بە گەرمیەوە پێشوازی کران.


لە دانیشتنێکدا گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت و پەیوەست بەهەردوولا کراو تەئکید لە پێویستی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی و خزمەتکردنی شاری هەولێرو ئەرک و بەرپرسیارێتی و پاراستنی سیمای دینداری شارەکەو رێگری لە هەندێ دیاردە کە گونجاو نین و لەگەڵ بەهاو تایبەتمەندی هەولێر یەک ناگرێتەوە کرایەوە.


سەرەتا د.ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سوپاسی پێشوازی گەرمی یەکێتی زانایانی کردو دەستخۆشی و پێزانینی پارێزگای هەولێری گەیاندە مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان لەهەمبەر ئەو رۆڵە گرنگ و بەرچاوەی لەماوەی رابردوو هەیانبووە.


پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد کە زانایان پێشەنگی کارو خزمەتن و هەمیشە خزمەتی زانایانی ئایینی لەبەر چاوە، هەروەک گوتیشی: چاومان لە پشتوانی و سەرنج و پێشنیاری ئێوەیەو دەرگای پارێزگا بۆ ئێوە کراوەیە بۆ هەر کارو هەنگاوێک لەخزمەتی هاوڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی بێت، هەروەک تیشکی خستە سەر رۆڵی زانایان لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک بۆ خۆپارێزی و پابەندی و بەرێوەچوونی رێکارەکان و بۆ ئەو مەبەستە.


دواتر بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەخێرهێنان و ئاراستەکردنی پیرۆزبایی دەستبەکار بوون، خۆشحاڵی خۆی بەهاتنی والی هەولێرو شاندی یاوەری دەربرِی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.


لەبەشێکی قسەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتی: ئێمە وەکو یەکێتی زانایان هاوکارو هەماهەنگ و پشتیوان دەبین لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی شاری هەولێرو هاوڵاتیانی خۆشەویست، چاوەروانی گەورەمان لە ئێوە وەک پارێزگاری نوێ و ستافی پارێزگا هەیەو هەمووان بەرپرسیارین و خۆشمان بە پارێزەرو دڵسۆزی هەولێر دەزانین.


هەورەک گوتیشی: رۆڵی زانایان گرنگ و کاریگەرەو رۆڵی سەرەکیان بینیوەو دەبین لە پشتیوانی هەر هەنگاوێک لەخزمەتی گشتی و پاراستنی رەوشی دینداری و کۆمەڵایەتی شاری هەولێر بیت، لەهۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بۆ خۆپارێزی درێغی ناکەن و گرنگیشە لە پرس و رێکارە ئایینیەکان هەماهەنگی یەک بین.


شایەنی باسە لە دانیشتنەکەدا ئامادەبووان بە چەند قسەو پێشنیارو باسکردنی بابەتی گرنگ و پەیوەست دانیشتنەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.