سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان: هه‌رێمی كوردستان شوێنی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و پەناگەیەکی ئارامە بۆ ئاوارەکان‌

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سایتی زانایان بەرێز د.عه‌بدوڵڵا مه‌لا وه‌یسی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان سەبارەت بە سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا فرانسیس بۆ عیراق و کوردستان رایگەیاندن: کوردستان تابلۆیەکی جوانی پێکەوەژیانی نەخشاندووەو هێزی پێشمەرگەش قوربانیەکی زۆری لەپێناو ئەم دەسکەوتەو سەقامگیری کوردستان داوە، بۆیە کە پاپا فرانسیس دێتە کوردستان و تەقدیری ئەو تایبەتمەندیەی هەرێم دەکات كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ و رەنگدانەوەی ئەرێنی دروست دەکات بەوەی نابێ رۆڵی کورد نادیدە بگیرێ و بخرێتە پەراوێزەوە.


سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان گوتیشی:  کوردستان لە سەختترین کات باوەشی بۆ برا ئاوارەکان کردەوەو بگرە دەرگای مزگەوتەکانیش وەک پەناگەیەک بۆ ئاوارەکان کرایەوەو کۆمەکی زۆریش کران، سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا رێزلێنانه‌ له‌و هه‌موو حه‌وانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی مه‌زهه‌بی و تایئیفی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش تووشی هاتن و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاواره‌كانی گرته‌ خۆی.


سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان گوتیشی:  كورد گەلێکی موسڵمانە، لەپاڵ ئەمەش پێکهاتەی تر لە کوردستان هەیەو هەمووانیش پێکەوە دەژین، دوور لە توندو تیژی و کاردانەوەی خراپ، رۆڵی مامۆستایانی ئایینی له‌ ته‌كیه‌ و حوجره‌ و خانه‌قا و ته‌ریقه‌ت و رۆشنبیرانی كوردستان وایكردووه‌، كه‌ هه‌موومان به‌ ته‌بایی له‌گه‌ڵ یه‌ك بژین، كه‌سایه‌تییه‌ ئاینییه‌كانی دیكه‌ی مه‌سیحی و جوو له‌ كوردستان قه‌بووڵی ئه‌و پێكه‌وژیانه‌یان كردووه‌، بۆیە هاتنی پاپا رێزگرتنە لەو پێکەوە هەڵکردنەی کورد بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە.


هەروەها گوتیشی: ئەو سەردانە بۆ کورد گرنگەو پەیامەکەشی کە لە پێناو ئاشتی و تەبایی و زەقکردنەوەی پەیمانی برایەتیە، پاڵپشتیەکی گەورەی سیاسی و ئایینیە کە پێویستە کورد ئەو دەرفەتانە لە پێناو ئایندەو مافی نەتەوەیی بەهەند وەربگرێت.