شاندێکی باڵای یەکێتی زانایان لە فرۆکەخانەی هەولێر پێشوازی لە پاپا فرانسیس دەکات

ئەمرۆ 7ی3ی2021 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال حەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی زانایان بەشداریان لە مەراسیمی پێشوازی لە پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان کرد.


بەو پێیەی کوردستان ماڵی گەورەی هەمووانەو پاپا وەک میوانێکی تایبەت و خاوەن پێگەو کەسی یەکەمی رۆحانی ئایینی کاسۆلیکی سەردانی کوردستان دەکات زانایانی ئایینی وەک ئەرکی میواندۆستی و پیشاندانی نمونەی پێکەوەژیانی ئایینی لە فرۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی لەو مەراسیمە بەشدار بوون.


سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان راگەیاند: ئەمڕۆ وەکو مامۆستایانی ئایینی بەشداربووین لە پێشوازیکردن لە پاپا فرانسیس وەکو میوانی هەرێمی کوردستان، دیدارێکی کورتمان ئەنجامدا، لەو دیدارە تەرکیزم لەسەر کۆمەڵێک خاڵ کردەوە، گەلی کورد گەلێکی میواندۆستە، رێزی میوان زۆر دەگرێت، هەر بۆیە لەو سۆنگەیەوە پڕ بەدڵ بەخێرهاتنت دەکەم.


لەکاتی گەیشتنی پاپاو دیداری لەگەڵ زانایانی ئایینی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لەکاتی تەوقەو دیداری لەگەڵ پاپا راگەیاند: بەناوی مسوڵمانانی کوردستان بەخێرهاتنێکی گەرمت دەکەین بۆ کوردستان، کە لە دێرزەمانەوە هەمیشە لانکەو پارێزەری پێکەوەژیانی ئایینی بووە، دڵنیاییش دەدەین هەمیشە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، بەتایبەت ئەو پێکەوەژیان و ئازادی ئایینی لە کوردستان هەڵقوڵاوی قەناعەتی خەڵکەکەیە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان ئەوەشی پێ راگەیاند: ئەو جۆرە ئازادییە لە هیچ شوێنێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی نییە، کە لە کوردستان هەیە، بێگومان مەلای کورد فاکتەرێکی سەرەکی ئەو ئازادی و پێکەوەژیانەیە، بۆیە بەرامبەر هەموو هەوڵێكیش وەستاوینەتەوە کە کار بۆ تێکدانی ئەو کەشە ئارامە بکەن.


پاپا فرانسیس لە وڵامی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بەو پێشوازی و هەڵوێستە گرنگە رایگەیاند: سوپاستان دەکەم و هیوادارم لەسەری بەردەوام بن. گوتیشی: زۆر دڵخۆشم بەوەی کە دەبینم موسڵمانان لەگەڵ مەسیحی و پێکهاتەکانی دیکە زۆر تەباو بران لەگەڵ یەکدی.