سەرۆکی یەکێتی زانایان لەپێناو ئاشتی و بەرژەوەندی گشتی پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان دەکات

ئەمرۆ 25ی3ی2021 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان کردووەو خوازیارە هەمووان بە پیر پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمەوە بچن، کە بانگهێشتی سەرجەم لایەنەکانی کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت.


سەرۆکی یەکێتی زانایان نووسیویەتی: گرنگە لایەنە سیاسیەکان ئەم بەهارە بکەنە بەهاری ئاشتی.


لە پەیامەکەیدا هاتووە: هیواخوازم بەهاری ئەمساڵ بەهاری ئاشتی و ئاشتبوونەوەو یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد بێت، بەتایبەت ئەم قۆناغەی گەلەکەمان پێی تێپەڕ دەبێت وا دەخوازێ هەمووان لە پێناو ئامانجی گشتی و نەتەوەیی تێبکۆشین و بەرژەوەندی باڵای کوردستان لەبەر چاو بگرین.


هەروەها نوسیویەتی: رێزدار سەرۆکی هەرێم لە دوا پەیامی بە بۆنەی نەورۆز دەستپێشخەریەکی گرنگی وروژاند بەوەی دوای نەورۆز بانگهێشتی سەرجەم لایەنەکان دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت.


ئەو هەنگاوە دڵخۆشکەرو ئومێد بەخشە بۆ ئێستای گەلەکەمان، چونکە دەمێکە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی هەنگاوی لەم جۆرەیە.


لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی زانایان دەڵێت: بە پێی ئەزموون وەرگرتن لە رووداوەکانی رابردوو وە بەهەموو پێوەرو شرۆڤەکان دەرکەوتووە خاڵی بەهێزی کورد لە یەکبوون و یەکهەڵوێستی و تەبایی نێوماڵی خۆی بووە، ئەمەش وا دەخوازێ هەمووان هیممەتی بۆ بکەن.


دەخوازم سەرجەم لایەنە سیاسیەکان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی و لەبەرچاوگرتنی ئامانجی نیشتمانی بە ستراتیژو هەنگاوی ئاشتیانە لێک نزیک ببنەوەو ئەجێندای تەسک و حزبی و تایبەتی وەلاوەبنێن و، بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی لەبەر چاوو بگرن..