یەکێتی زانایان نیگەرانی خۆی لەهەمبەر کوشتنی ئەندامانی خێزانێکی کورد لە تورکیا دەردەبڕێت

لە پەیامێکدا لەسەر کوشتنی تەواوی ئەندامانی خێزانێکی کورد لە شاری قۆنیای تورکیا یەکێتی زانایانی ئایینی وێڕای ئیدانەکردنی تاوانەکە، نیگەرانی خۆی بەرامبەر ئەو جۆرە رەفتارانە دەربڕیوەو هیواخوازە شتی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:


 


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


((مَنْ قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا)) المائدة: 32.


ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کوشتنی ئەندامانی خێزانێکی کورد لە شاری کۆنیای وڵاتی تورکیا کە ژمارەیان حەوت کەس بوو ئیدانە دەکەین و، نیگەرانی خۆمان لەهەمبەر ئەو جۆرە تاوانە دەردەبڕین کە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام و بەها مرۆییەکانە، گرنگە زانایانی ئایینی لە وڵاتی تورکیا لە نەهێشتنی هەستی رەگەزپەرستی و سڕینەوەی یەکتر رۆڵی زیاتر ببین، چونکە هەمووان لە بازنەی ئینسانی و دینداری بە قبوڵکردنی یەکترەوە جوانین و ئەرکە برایەتی و ئاشتی بەقەرار بێت، هیوادارین ئەو جۆرە کردەو تاوانانە دووبارە نەبنەوەو بکەران بە سزای خۆیان بگەن.


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


1ی8ی2021