پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی پەنجا و یەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

 ئەمرۆ 21ی9ی2021 رێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی 51 ساڵەی دامەزراندنیەوە ئاراستەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کرد، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان


بەبۆنەی پەنجا و یەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی مامۆستایان و گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەكەم.


دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر هەنگاوێكی گرنگ بوو بە ئاراستەی بەهێزتركردنی ڕۆڵی مامۆستایان و گەورەپیاوانی ئایینی بۆ پتەوكردنی بنەماكانی دینداری و خواناسی و بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی و، هەروەها هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە سەرجەم ناوچە و شار و گوندەكانی كوردستان.


هاوتەریبیش مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لە قۆناغی خەبات و شۆڕشدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە بەرزكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی خەڵك و ناساندنی مافەكان و ڕەتكردنەوەی زوڵم و بندەستی.


هەروەها ڕۆڵ و كاریگەریی یەكێتیی زانایان و مامۆستا و پیاوانی ئایینی زۆر بەرز دەنرخێنم كە لەو كاتەی تیرۆر هەڕەشەیەكی گەورەیە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بە حیكمەت و شارەزاییان لە بنەما پیرۆزەكانی ئایینی هۆكارێكی بەهێز بوونەوە بۆ ئەوەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر نەتوانێت لەناو گەلەكەمان شوێن و پێگە بكاتەوە.


بەبۆنەی ئەو یادە گرنگە هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.


خودای گەورە پشت و پەنای هەموو لایەكمان بێت


 


مسعود بارزانی


٢١ـی ٩ـی ٢٠۲۱