لە سەر پێشنیاری یەکێتی زانایان سەرۆکی حکومەتی هەرێم وەزارەتە پەیوەندارەکان رادەسپێرێت بۆ کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لە کوردستان

 لە کۆبوونەوەی رۆژی 29ی9ی2021 یەکێتی زانایان دیدارێکی گرنگی لەگەڵ رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامداو بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی رەوشی ئایینی و خزمەتی پتری بواری زانستە شەرعیەکان و پێگەیاندنی کادری ئایینی لێهاتوو چەند پێشنیارێکی خستە بەر دیدی بەرێزیان، کە یەکێ لەو پێشنیارانە کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی بوو لە هەرێمی کوردستان.


خۆشبەختانەو بە سوپاسەوە رۆژی 7ی12ی2021 لە نوسراوی فەرمی ژمارە (15273) ئەنجومەنی وەزیران لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو تویژینەوەی زانستی کردووەو تێیدا داوا دەکات کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لە کوردستان.


لە نوسراوەکە: سەبارەت بە داواکاری (یەکێتی زانایانی ئایینی) لە میانی دیداری تایبەتیان لەگەڵ بەرێز جەنابی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە رێکەوتی 29ی9ی2021 تایبەت بە (کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان) بۆ ئەم مەبەستە لەسەر فەرمانی جەنابیان: کاری پێویست ئەنجام بدەن بە هەماهەنگی لە گەڵ هەر یەک لە (وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی)و (وەزارەتی پلاندانان)و (یەکێتی زانایانی ئایینی) بە دیراسەتکردنی ئەم بابەتەو دواتر بەرزکردنەوەی راسپاردەو میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی داواکاری ئاماژە پێکراو.


شایەنی باسە پاڵپشت بە بڕگەی نۆیەم لە ماددەی چوارەمی پەیڕەو و پرۆگرامی خۆی یەکێتی زانایان وەک هەستکردنی بە کاری پیشەیی و خزمەتێکی گەورە بەرامبەر ئایین و نەتەوەو نیشتمان، وە پێگەیاندنی زاناو مامۆستای ئایینی لە زانکۆیەکی تایبەتمەندی ئیسلامی کوردستانی ئامانجی بووە لەو پێناوە هەنگاوی جدی بنێت، بەسوپاسەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەو بڕیارەی ئومێدی زۆری لای یەکێتی زانایان لە بواری خزمەتکردنی رەوشی ئایینی و زانستی ئیسلامی دروستکردووە.