بە نوێنەرایەتی کوردستان وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری کۆربەندێکی جیهانی لە عەرەبساتی سعودیە دەکەن

 


رۆژی چوارشەممە 11ی 5ی 2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری لە ڕیازی پایتەختی شانشینی عەرەبستانی سعودیە بەشداریان لە کۆربەندێکی جیهانی بەناونیشانی ( دیداری بنەما ھاوبەشەکانی پەیرەوەنی ئایینەکان) كرد، کە لەلایەن رابیتەی جیھانی ئیسلامی بە ئامانجی لێک نزیکردنەوەی دیدگای شارستانی و بڵاوکردنەوەی بەھاکان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بەگشتی و دروستکردنی ھۆشیاری خۆشەویستی و گیانی پێکەوەیی لەنێوان نەتەوەو گەلاندا بەبەشداری سەد وڵات لە ئایین و ئاینزای جیاوازی جیهانی سازی کرد بوو.


لەم کۆربەندە هەردوو بەرێزان وەزیری ئەوقاف و سەرۆکی یەکێتی زانایان هاوشانی نوێنەری وڵاتان وتاریان پێشکەش کردو ئاماژەیان بە پێگەو رۆڵی هەرێمی کوردستان دا لە پرسی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پەیڕەوانی ئایینەکان کرد.


بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی لە وتەیەكەیدا سڵاوی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی گەیاندە حکومەت و خەڵکی ئازیزی سعودیە و ئامادەبووان و سەرجەم ئایین و ئایینزاکانی بەشدارو پوختەیەکی لە مێژووی دێرین و پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لەھەرێمی کوردستان خستە ڕوو و، ئاماژەی بەرۆڵی کاراو پلان و سیاسەتی حکومەتی کوردستان کردو رایگەیاند کە نەتەوە جیاوازەکان بەھۆی نالەباری ناوچەکە ھانایان بۆ ھەرێم ھێناوەو ھەرێم پۆتە پەناگەی ئارامی لەناوچەکەدا، دواتر پرۆژەو ستراتیژیەتی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی خستە روو لە برەودان بەو بوارە.


دواتر بەرێز د. عبداللە مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لەوتەیەکدا وێڕای گەیاندنی پەیامی زانایانی کورد، تەئکیدی لە گرنگی و بایەخی کۆڕبەندێکی لەم شێوە کردەوەو پێگەو رۆڵی زانایانی ئایینی ھەرێمی کوردستان بەرزی نرخاند لەپاراستنی تەبایی و گیانی پێکەوەیی و بەتایبەتی لەسەردەمی ھێرشی تیرۆرستانی داعش و بەرپەرچ دانەوەیان بۆ سەر ناوچەکە و مرۆڤایەتی، كە هەمیشە بە پەیام و رۆڵی میانرەويەوە زانایانی ئایینی ھاوکارو پشتیوان بوونه بۆ سەقامگیری و ئارامی و بەرگری لە کوردستان و ھەموو ئایینەکان بێ جیاوازی.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی:  پەیامی کوردستان پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانەو خاڵی هاوبەش و مرۆڤدۆستی لەسەرووو هەموو شتێکەوەیەو بەردەوام گەلی کوردستان بە جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێم جەخت لەم دەسکەوت و سەروەرییە دەکاتەوەو وەک ئەرک و قەناعەت پەرەی زیاتری پێ دەدات.


گوتیشی: کوردستان بە هەوڵ و هیممەتی هەموان و زانایانی ئایینی نمونەیەکی سەرکەوتووە لە پیشاندنی گیانی لێبوردەیی و پاراستنی بەها مرۆییەکان و جەخت کردنەوە لەدیالۆک و ئاشتی و پێکەوەژیان و بەهاناوەچوونی لێقەوماو و زیانمەندان، باشترین نمونەش کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان بوو بەرووی لێقەوماواندا لە کاتی شەڕی داعش کە ئەمە بەڵگەی مرۆڤدۆستی و تامەزرۆ بوونیەتی بۆ سەقامگیری کۆمەڵگەو مرۆڤایەتی بە گشتی.