کۆڕێ: بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی بەرێوە دەچێت

رۆژی 28ی6ی2022 بە ئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی ئایینی و فەقێ و قوتابی ئایینی و کەسایەتی ناوچەکە، مەراسیمی بەخشینی بروانامەی زانستی لەمزگەوتی گەورەی کۆڕێ بۆ دوو فەقێ بەرێوە چوو.


لەو مەراسیمە سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا دەستخۆشی لە بەرێز مامۆستا مەلا حسین وەک مامۆستای ئیجازەدەر کردو پیرۆزبایی لەهەردوو مامۆستای ئیجازە وەرگر کرد، هەروەها دوعای تەمەندرێژی و سەلامەتی بۆ مامۆستایانی خەمخۆری شەریعەت و زانست کرد، کە سەروەتێکی گەورەی مەیدانی عیلم و خزمەتی ئیسلامن.


لە بەشێکی تری وتارەکەی سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە گرنگی و پێگەی مەلایەتی و رۆڵی زانایانی کورد لەخزمەتی علومی شەرعی کرد، کە هەمیشە جێدەستی کۆشش و بەرهەمیان دیار بووەو لەسەر رێڕەوێکی دروست و رەسەن و زانستی خەڵکیان پەروەردەو پێگەیاندووە.


هەروەها ئاماژەی بە پێشەنگی و کاریگەری و خزمەتی چەند زانایەک کرد، کە توانیان بەو پەڕی دڵسۆزیەوە خزمەت پێشکەشی کۆمەڵگەو رەوتی زانست و بواری عیرفانی بکەن، لەوەشدا تەسەوف وەک بنەمای پەروەردەی تاک و ئاراستەی دروستی کۆمەڵایەتی کاریگەری گەورەی هەبووەو هەیە لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگەو گیانی تەبایی نێو موسلمانان و پابەندبوون بە رێبازی گەورە زانایان و پێشەوایانی میللەتەکەمان.


شایەنی باسە هەر لەو مەراسیمە چەند وتارێکی تر خوێندرانەوەو بە چەند سروود و پارچە پەخشان لە کۆڕەکە دڵی ئامادەبووان خۆش کرا.