پەیامی سەرۆکی حکومەت رێزدار مەسرور بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان

بە بۆنەی 52 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایان رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی زانایان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەبۆنەی پەنجا و دووەمین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.


ئومێدەوارم یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، کە بە ڕاسپاردە و سەرپەرشتی ڕێبەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر دامەزرا، لە سەر هەمان بنەما و ئامانجانەی لە پێناویدا دامەزرا بەردەوام بن لە ڕۆڵی گرنگ و کارایان لە داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی کولتووری لێبوردەیی و میانەڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕەوی.


مەسرور بارزانی


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان