کونسوڵی گشتی شانشینی ئوردەن سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 22ی9ی2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بەئامادەیی بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د. عومەر مەلا حسن مرۆ و د. حسن خۆشناو ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازیان لە بەرێز دکتۆر فوئاد خازر ئەلمەجالی کونسوڵی گشتی شانشینی ئوردەن لەهەرێمی کوردستان کرد.


لەدانێشتنێکی دۆستانەدا سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای خۆشحاڵی بە دیداری ناوبراو، باسی لە گرنگی دیدارەکەو هەبوونی پەیوەندی نێوان هەردوولاو دامەزراوەی ئایینی کرد، بەتایبەت لە پرسە هاوبەشە ئایینی و پیشەییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕەوی و بڵاوکردنەوەی پەیامی دروستی بانگخوازی و میانڕەوی و بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەوسۆنگەوە ئیشارەی بە رۆڵی گرنگی زانایانی ئایینی لەهەرێمدا، کە وەک تەواوکەری یەکتری لەپێناو خزمەتی ئایین و کۆمەڵگەو بڵاوکردنەوەی بەها جوانەکان رۆڵێکی گەورەیان بینیوە.


هەروەها لە بەشێکی تری قسەکانی گوتی: ئێمە سوپاسی ئوردەن و بەتایبەت وەزراەتی ئەوقافی ئوردەنی دەکەین کە لە ماوەی رابردوو کاری هاوبەشمان ئەنجامداوەو کارئاسانی باشی کردووە بۆ بەشداربوونی ئێمە لە خولە زانستیەکانی لە وڵاتی ئوردەن.


لەلایەن خۆشیەوە کونسوڵی گشتی شانشینی وێڕای خۆشحاڵی و سوپاسی پێشوازی گەرمی یەکێتی زانایان تەئکیدی لە پەیامەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان کردەوەو هەبوونی هەماهەنگی و پەیوەندی دوولایەنەی بە گرنگ زانی و لەو چوارچێوەیەدا پالپشتی و ئامادەیی خۆی بۆ هەر هەنگاوێکی پەیوەست بەهەردوولا دەربڕی.