لقی سلێمانی یەکێتی زانایان سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو ئافرەتەی فرەژنی بە لەشفرۆشی وەسفکرد تۆمار دەکات

 


رۆژی 5ی12ی2022 لەسەر راسپاردەی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتی زانایان، لقی سلێمانی یەکێتی زانایان سکاڵای یاسایی لەرێی داواکاری گشتی لەسەر ئەو ئافرەتە تۆمار کرد، کە لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی رایگەیاند: فرەژنی بەشێکە لە لەشفرۆشی.


لەبەشێکی سکاڵایەکە هاتووە: ئێمە وەکو لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیکوردستان لە دژی ئەو وتەو بێڕێزیانەی کە خاتوو (شیلان حەمە نوری) لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی (کەناڵی ئاسمانی کوردسات نیوز بەناوی بەرنامەی رەهەند) کردوویەتی بەرامبەر بەوکەسانەی کە زیاتر لە هاوسەرگیریەکیان ئەنجام داوەو لەهەر دوو رەگەزی نێرو مێ، کە بە جۆرێک لە لەشفرۆشی ناوزەدیکردوون، کە ئەمە ناوزڕاندنی هەموو ئەو تاک و خێزانانەیە کە ئەو پرۆسەیان ئەنجام داوە.


لە بەشێکی تری سکاڵایەکە هاتووە: ئەمە بێڕێزییە بە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز کە دەقەکانی رێگەی بە ئەنجامدانی زیاتر لە پرۆسەیەکی هاوسەرگیری داوە بەپێی بنەما شەرعیەکان، بێرێزییە بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ئیسلامی و کوردەواری، کە بەدرێژایی مێژووی چواردە سەدەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئەم پرۆسەیان ئەنجام داوە.


هەروەها هاتووە: بۆیە ئێمە لای خۆمانەوە ساکاڵای یاساییمان هەیە لەسەر ئەم خاتوونە لەهەمبەر ئەو بێڕێزی و ناوزراندنەی ئەنجامی داوە، داواکارین رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر.


شایەنی باسە دوای بڵاو بوونەوەی قسەکانی ئەم ئافرەتە، دەنگدانەوەیەکی زۆری دروست کردو نیگەرانی لای موسڵمانان و هەموو ئەو خانەوادانەی پتر لە یەک ژنیان هەیە دروست کرد.