بەسەرپەرشتی سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بە ئامانجی دانانی چەند بەرنامەو هەنگاوێکی ئایین و پیشەیی بەرێوە دەچێت

ئەمرۆ 20ی3ی2023 بەسەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئامادەیی ماۆمستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی؛ کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بە ئامانجی دانانی چەند بەرنامەیەکی تایبەت لە ئایندەی کاری پیشەیی و بانگەوازی بەرێوە چوو.


سەرەتای دانیشتنەکە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزانی ئاراستەو ئامادەبووان و تەواوی زانایانی ئایینی و موسڵمانان کردو هیوای خواست ببێتە مانگی خواپەرستی و خێرو بەرەکەت بۆ جیهانی ئیسلامی بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی.


هەروەها رۆڵی بەشداربووانی لە خزمەتی ئەکادیمی و پیشەیی و بانگەوازی و نووسین بەرز نرخاندو هیوای خواست وەک چۆن لە رابردوو پاڵپشت و هەماهەنگی یەکتر بووین، بەهەمان شێوە لە کارو پرۆژەو پێشنیاری ئایندەش هەنگاوەکان بەردەوامیان هەبێت.


دواتر ئامانجی دانیشتنەکەی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە، کە تایبەت بوو بە دانانی بەرنامەیەکی تایبەت بۆ یەکەکانی چاکسازی کۆمەڵایەتی لەرووی گەیاندنی پەیامی هۆشیاری ئایینی و راستکردنەوەی سلوک و رەفتاریان، کە رێژەیەکی زۆر سزادراو هەن و بەهۆی کێشە و تاوانەکانی ئالودەبوون بە مادەی هۆشبەرو کوشتن و دزی و کێشەی کۆمەڵایەتی و خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و چەندین تاوانی دیکە راگیراون.


بەپێی بەرنامەیەکی هاوبەش لە نێوان یەکێتی زانایان و بەرێوەبەرایەتی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەوڵدراوە لەرێیی شارەزاو پسپۆڕو مامۆستایانی بواری ئایینی کار لە سەر ئیسلاحکردن و دووبارە شیاندنەوەی سزادراوان بکرێت.


بۆ ئەم مەبەستە ئەم کۆبوونەوە راوێژکارییە بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایای ئایینی و گفتوگۆکردن لە سەر چۆنیەت و میکانیزمێکی تۆکمە بەرێوە چوو، کە بەرچاوروونی و کۆدەنگیەکی باشی لەسەر چێندراو کۆمەڵێک پێشنیارو سەرنجی پەیوەست خرایە روو، کە لە ئایندەیەکی نزیک یەکێتی زانایان لەرێی ئەم ماۆمستا بەرێزانەوە دەیخاتە واری پراکتیکیەوە.