بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، هاوپەیمانی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یهكێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
هاوپەیمانی نیشتمانی کوردستان به بۆنهی ٥٣ ساڵەی یادی دامهزراندنی یهكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم مامۆستایانی ئایینی و زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان و بەتایبەت ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە دەکات، هەروەها هاوپەیمانی جەخت لەسەر بەردەوامیی کار و چالاکییەکانیان لە پێناو ئامانجەکانیان دەکاتەوە.
ئەرکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستانە ڕێکخستن و خوێندنەوەیەکی نوێ و سەردەمیانەیە بۆ سیاسەت و بانگەواز و هەروەها ڕووناکبیری کە دەبێت هەوڵ بدرێت تاکوو بە هیچ شێوەیەک ئایین و سیاسەت تێکەڵ نەکرێن، ئەوەی سیاسییە با کاری سیاسیی خۆی بکات و ئەوەش کە بانگەوازکارە با کاری بانگەوازی خۆی بکات، بەڵام ئەمەش بە واتای ئەوە نییە کە ئەو کەسانەی بانگەوازکارە و کەسایەتیی ئایینییە خەم و ناڕەحەتیی سیاسیی نەبێت.
لە کۆتاییدا جارێکی تر پیرۆزباییتان لێ دەکەین و هیوای سەرکەوتن و سەربەرزیتان بۆ دەخوازین، هیواخوازین ئازایانە و دڵسۆزانە لەسەر مافی گەل و خەڵکی کوردستان و بەتایبەت مامۆستایان و کەسایەتییە ئایینییەکان بێنە دەنگ و پشتگیریی داوای مافی ڕەوای گەلەکەیان بکەن.
مەریوان نووری
وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی کوردستان
٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
|