فرمێسكی قوتابییەكی منداڵ، وەزارەتی پەروەردە شەرمەزار دەكات

F_bewar@yahoo.com

هەفتەیەك زیاتر دەبێ گرتە ڤیدیۆییەك بڵاو بۆتەوە كە تێیدا مامۆستایەك سوكایەتی بە قوتابییەكی مندڵی بنەڕەتی دەكات لەسایەی سیستەمی سویدی دا. كەچی دوای هەفتەیەك تازە بە تازە وەزیری خوێندنی پەروەردە و بە ناو وتەبێژەكەی دەبێژن لێكۆڵینەوە دەكەین.

ئەرێ‌ پێمان ناڵێن لێكۆڵینەوە لەچی دەكەن؟ نەبادا داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی تەرفیهی 30ی كەسی بكەن و دواتر لیژنەكە لە راپۆرتی كۆتایی خۆیاندا داوای لیژنەی لێكۆڵینەوە بكەن؟ لەكاتێكدا روخساری قوتابییەكە ناسراوە و بە ئاسانی دەدۆرێتەوە، ئیدی لێكۆڵینەوە لە چی و كێ دەكەن؟ نەكا ئەم بابەتەش بە سیاسی و حزبی بكەن و وەكو ئابروچوونەكەی پار ساڵی لێبكەن، كە زیاتر لە 30 مامۆستا و بەرێوەبەر و بەرپرسی حزبی بە شێوەیەكی رێكخراو و تۆڕبەندی، ئەسیلەی تاقیكردنەوەكانی شەشەمی ئامادەییان بە نرخێكی خەیاڵی بە قوتابیان فرۆشتبوو، لەرێگەی بلوتسەوە وەڵامی
پرسیارەكانیان بۆ قوتابیان نارد بوو، كەچی كە ئاشكرا بوون و دەستگیر كران هەندێكیان، دوای لێكۆڵینەوە جەنابی وەزارەت گەیشتە ئەو دەرەنجامەی كە ئەو بە ناو مامۆستایانە ئازاد بكات و ئەمساڵیش هەمان ستاف بۆ سەرپەرشتی تاقیكردنەوەكان دابنێتەوە.

من پار ساڵ لە وتارێكمدا كە لە رۆژنامەی ئاوێنە بڵاوكراوتەوە، پێشنیارم كرد كە وەزارەتی "پەروەردە" بكرێتە وەزارەتی "خوێندن" چونكە تەنیا قوتابی فێری یەك و دوو و دارا دوو داری دەكات، لە كاتێكدا درۆ بەدەم داراوە دەكەن، چونكە دارا یەك داری دیوە نەك دوو دار. هەروەها وەزارەتی "خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی" بكەن بە وەزارەتی "دەرچوون و بەخشینی بڕوانامە"، چونكە بەس توێژینەوەی زانستی نییە. دەشكرێ ئەم دوو وەزارەتە لێكبدرێت و بكرێت بەیەك وەزارەت بەناوی "وەزارەتی فێر كردن و بڕوانامە بەخشین".