سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی زانایانی وڵاتی کوەیت دەکات

ئەمرۆ 15ی11ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی بەرێز ماۆمستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن موفتی و د.عومەر مرۆو د.حسن خۆشناو و د.دلشاد گەڵاڵی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی، بە گەرمیەوە پێشوازی لە شاندێکی زانایانی کوەیت لە کۆمەڵەی کلتورپارێزی ئیسلامی کوەیتی کرد.


لەدیدارەکەدا هەردوولا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕینیان بە دیداری یەکتر، گفتوگۆی تێروتەسەلیان لەبارەی رەوشی ئایینی لەهەرێم و رۆڵ و خزمەتی دیارو پیشەیی زانایانی کورد لە خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بڵاوکردنەوەی پەیامی میانڕەوی و ئاشتی و مرۆڤدۆستی کردو تیشک خرایە سەر رۆڵی دەزگاو دامەزراوەی ئایینی لە قۆناغی ئێستادا بۆ بەرەو پێشبردنی گوتاری ئیسلامی و لێک نزیککردنەوەی بۆچوونەکان و دەربڕینی هەڵوێستە ئایینیەکان، هەروەک چەندین پرس و بابەتی دیکەی پەیوەست بە هەردوولاو پەیوەندی دوولایەنەو پێویستی هەماهەنگی و لێکنزیکی و کارو هاوبەش قسەی لەبارەوە کرا.


شایەنی باسە کۆمەڵەی کلتورپارێزی کوەیتی دامەزراوەیەکی گرنگی خێرخوازی و بانگەوازییەو لەژێر چاودێری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار لە وڵاتی کوەیت کار دەکات و خاوەنی چەندین پرۆژەو کاری گەروەیە لە سەر ئاستی وڵاتی کوەیت و وڵاتی دەرەوە، کە لە ساڵی 1982 دامەزراوەو چەندین کەسایەتی زانستی و ئەکادیمی دیاری ئەو وڵاتە سەرپەرشتی و کاری تێدا دەکەن.