سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری کردنەوەی مزگەوتي (محمد ئيسماعيل نانەکەلی) لە شاری هەولێر دەکات

ئەمرۆ 6ی12ی2023 بە ئامادەبوونی بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و کەسایەتی و مامۆستایانی ئایینی؛ مزگەوتی (محەممەد ئەحمەد ئیسماعیل) لەگوندی -ماس فیولیج- لە شاری هەولێر کرایەوە.


لەم مەراسیمەدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا وێڕای پیرۆزبایی دروستکردنی مزگەوتەکە بە ئەندازەیەکی جوان و دیزاینێکی تازەو دەستخۆشی لە خێرخوازو بنەماڵەی مەلا ئیسماعیل نانەکەلی، تەئکیدی لە گرنگی پێگەی مزگەوت و رۆل و کاریگەری لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگەو دروستکردنی نەوەیەکی ئایینپەروەرو نیشتمانپەروەر کردەوە.


هەوەرها ئاماژەی بەوەدا دا کە مزگەوت شوێنی خواپەرستی و تەبایی و یەکڕیزی و سەقامگیری و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ئایینی و پەیامی میانڕەویە، بەتایبەت لە کوردستانی خۆمان مزگەوت وەک ناوەندێکی ئایینی و بەجێگەیاندنی ئەرکە ئایینیەکان ئەرکە مرۆیی و ژیارییەکانیشی تێدا رەنگ داوەتەوە، بۆیە گرنگە لەم سەردەمە بایەخی پتر بە مزگەوت بدەین.


شایەنی باسە دواتر بەو بۆنەوە چەند سوردو پارچە قەسیدەیەک خوێندرایەوە.