یەکەمین کۆبوونەوەی راوێژکاری لێژنەی باڵای کردنەوەی زانکۆی ئیسلامی لە کوردستان بەڕێوە دەچێت

 ئەمرۆ 6ی12ی2023 یەکەم دانیشتنی لێژنەی باڵای بەدواداچوون بۆ کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لە کوردستان بە بەشداری نوێنەری یەکتێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی؛ سەبارەت بە گەنگەشەی رێکارە پێویستەکانی کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لە کوردستان بەرێوە چوو.


لەم کۆبوونەوەیە بەرێز د.حسن موفتی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان وەک نوێنەری یەکێتی زانایان بەشداری کۆبوونەوەکەی کردو رایگەیاند: خۆشبەختانە ئەم دانیشتنە هەنگاوی یەکەمە لە دوای بڕیاری کردنەوەی زانکۆی ئیسلامی بۆ تاوتوێکردنی رێکارەکان و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ ئەو ئامانجە گرنگە کە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی پێ دەرچووە.


شایەنی باسە رۆژی 29ی9ی2021 یەکێتی زانایان دیدارێکی گرنگی لەگەڵ رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامداو بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی رەوشی ئایینی و خزمەتی پتری بواری زانستە شەرعیەکان و پێگەیاندنی کادری ئایینی لێهاتوو چەند پێشنیارێکی خستە بەر دیدی بەرێزیان، کە یەکێ لەو پێشنیارانە کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی بوو لە هەرێمی کوردستان.


خۆشبەختانەو بە سوپاسەوە رۆژی 7ی12ی2021 لە نوسراوی فەرمی ژمارە (15273) ئەنجومەنی وەزیران لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو تویژینەوەی زانستی کردووەو تێیدا داوا دەکات کاری پێویست ئەنجام بدرێ بۆ کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لە کوردستان.


لە نوسراوەکە: سەبارەت بە داواکاری (یەکێتی زانایانی ئایینی) لە میانی دیداری تایبەتیان لەگەڵ بەرێز جەنابی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە رێکەوتی 29ی9ی2021 تایبەت بە (کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان) بۆ ئەم مەبەستە لەسەر فەرمانی جەنابیان: کاری پێویست ئەنجام بدەن بە هەماهەنگی لە گەڵ هەر یەک لە (وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی)و (وەزارەتی پلاندانان)و (یەکێتی زانایانی ئایینی) بە دیراسەتکردنی ئەم بابەتەو دواتر بەرزکردنەوەی راسپاردەو میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی داواکاری ئاماژە پێکراو.


جێی ئاماژەیە یەکێتی زانایان بەردەوام هەوڵی داوە ئەم هەنگاوە بە ئامانج بگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستەش بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان سەرپەرشتی و بەشداری چەند کۆبوونەوەیەکی کردووە، بۆ ئەوەی ئامانجی پرۆژەکە روون بکاتەوەو بەم هەنگاوە خزمەتێکی شایستە بە بواری ئایینی لە هەرێم بکرێت.