یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئیدانەی هێڕشی درۆنەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بە ئامانجگرتنی هێزی پێشمەرگە دەکات

ئەمرۆ 1ی1ی2024 لە پەیامێکدا یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئیدانەی ئەو هێڕش و هەڕەشانەی لەرێی فڕێدانی درۆن بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکرێت ئیدانە دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


بەداخەوە ماوەیەکە دەستێک دەیەوێ ئاسایشی هەرێم و هێزی پێشمەرگە بکاتە ئامانج و، لەرێی درۆنەوە زیان بە پێگەی کوردستان بگەینێت و ئارامی هاوڵاتیان تێک بدات، ئێمە لە یەکێتی زانایانەوە بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە هێڕشانە دەکەین، هێزی پێشمەرگە بەو پێیەی پارێزەری کوردستانە لە سەنگەری پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە و داعشی تێکشکاندو کوردستانیش لانکەی پێکەوەژیان و لانەی ئاوارەو لێقەوماوان بووە، ناکرێ بکرێتە ئامانجی کردەی تیرۆریستی.


پاراستنی سەقامگیری کوردستان ئەرکی هەموو لایەکمانە، و ئەو جۆرە هەوڵە تێکدەرانە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامە، و ئاماژەیەکی مەترسیدارەو هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی تەواوی عیراق.


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


1ی1ی2024