یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەتوندی ئیدانەی هێڕشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر شاری هەولێر دەکات

لە پەیامێکدا یەکێتی زانایان ئیدانەی موشەکبارانی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر دەکات، کە بەداخەوە قوربانی گیانی و ماددی زۆری لێ کەوتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:


 


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


بەداخەوە شەوی رابردوو لەرێی درۆن و موشەکەوە هێڕشی زۆرو کوێرانە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرایە سەر شاری هەولێرو بەهۆیەوە قوربانی گیانی و ماددی زۆری لێ کەوتەوەو چەندین هاوڵاتی سیڤیل شەهیدو بریندار بوون.


ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم موشەکبارانە دەکەین و خوازیارین لە لایەنی پەیوەندیدار بەزوویی رێ لەو جۆرە هەوڵە تێکدەرانە بگرن، خەڵکی خۆڕاگری کوردستان ئاشتی دەوێ بۆ هەموو لایەک نەک بە درۆن و موشەک هەوڵی شێواندنی سەقامگیری و ئارامی هاوڵاتیانی بە ئامانج بگیرێ، داواش لە وڵاتی ئێران دەکەین وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی مافی دراوسێیەتی کوردستان بپارێزێت.


هەر لێرەشەوە داوا لە سەرجەم وتاربێژانی بەرێزی ئایینی دەکەین لە وتاری هەینی داهاتوو ئیدانەی هێڕشەکە بکەن و نزای خێرو سەلامەتی و ئارامی بۆ کوردستان بکەن.


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


16ی1ی2024