سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری شاندێک لە شاری سلێمانی چەند دیدارو سەردانێک ئەنجام دەدات

ئەمرۆ 3ی6ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە یاوەری بەرێزان د.عومەر مرۆ و د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و مامۆستا سید موسی باقلانی بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایان؛ سەردانی شاری سلێمانی کردو چەند دیدارو سەردانێکی ئەنجام دا.


سەرەتا سەردانی مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردو لەلایەن بەرێز کاک عەلی حسین بەرپرسی مەکتەبی رێکخستن بە گەرمیەوە پێشوازی کران و لە دانیشتنێکدا چەند پرسێک تاوتوێ کرا.


دواتر سەردانی لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی کردو لەلایەن بەرپرس و کارگێڕانی لقەوە پێشوازی کران و دواتر بە یاوەری ستافی لق سەردانی بەرێز مامۆستا مەلا عباس خدر بەرێوەبەری ئەوقافی پارێزگای سلێمانی کردو لە نزیکەوە پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی ئاراستە کردو هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پاڵپشتی یەکێتی زانایانی بۆ دووپات کردەوە.


پاشان سەردانی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی کردو لەلایەن بەرێز هاوژین رەئوف بەرێوەبەری گشتی و ستافی یاوەری بە گەرمیەوە پێشوازی کران.


شایەنی باسە لە کۆی دانیشتنەکان رەوشی ئایینی و ئەرکە هەنووکەیی و رۆڵی زانایانی ئایینی گفتوگۆی لەبارەوە کراو تەئکید لە پێویستی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی بەتایبەت لە نێوان دامەزراوەی ئایینی کرایەوەو سەرۆکی یەکێتی زانایان پاڵپشتی تەواوی بۆ هەر بەرنامەو هەنگاوێک دەربڕی کە خزمەت بە رەوشی ئایینی و زانایان لە سنوورەکە بکات.


هەر لە دانیشتنەکان چەند تەوەرو باسێکی تر قسەی لەسەر کراو چەند لەلایەن خۆشیانەوە بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی و لقی یەکێتی زانایان خۆشحاڵی خۆیان بە سەردان و بەسەرکردنەوەی سەرۆکی یەکێتی زانایان دەربڕی و بە سوپاسەوە هەڵوێست و پاڵپشتیەکانی یەکێتی زانایانیان بەرز نرخاند.