یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی فراوانی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات

 ئەمرۆ 22ی7ی2024 بە سەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئامادەبوونی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندی کۆبوونەوەی فراوانی سەرکردایەتی یەکێتی زانایان لەبارەگای مەکتەبی تەنفیزی لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.


سەرەتای کۆبوونەوە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاسی مەکتەبی تەنفیزی ئاراستەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لقەکانی یەکێتی زانایان کرد، لەهەمبەر خزمەت و رۆڵی بەرچاویان لەماوەی رابردوو.


دواتر تیشکی خستە سەر دوا هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان و چەند تەوەرێکی ناوخۆی یەکێتی زانایان و پرسی دیکەی پەیوەست بە رەوشی ئایینی و پیشەیی و کۆمەڵایەتی و زانستی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت جوانتر بەرێوەبردنی کارەکان و خزمەتکردنی زانایان و دانانی بەرنامەی تێروتەسەل بۆ زیاتر خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام.


لە کۆبوونەوەکە باس لەچەند هەنگاوێکی پەیوەست بە بەرەو پێشبردنی ئاست و شیوەی کارکردنی لقەکان کرا بەتایبەت نزیکبوونەوە لە زانایان و بەرزکردنەوەی توانستی زانایان و پاراستنی پێگەی مەلایەتی و هۆشیار بوون لە هەندێ بابەتی لاوەکی کە کاریگەری خراپ دەکاتە سەر سومعەو پێگەی مەلایەتی گفتتوگۆی لە بارەوە ئەنجام درا.


باس لە چۆنیەتی پاراستنی هەویەی ئیسلامی و چۆنیەتی پاراستنی چوارچێوەی دینداری و رێڕەوی گەورە زانایانی کوردو پارێزگاریکردن لە عەقیدەو بیرو باوەڕو مەزهەبی رەهای خەڵکی کوردستان تەئکیدی لێ کرایەوەو وەک بەرپرسیارێتی ئایینی و نەتەوەیی بە گرنگ زانرا سەرجەم لقەکان و زانایانی ئایینی هۆشیارو بە ئاگا بن لە هزری نامۆ بە واقع و کلتوری گەلەکەمان، تەئکید لەوەش کرایەوە یەکێتی زانایان هیچ کات رێگە نادات لە پەنای ئەجێندای تر کار لەسەر تێکدانی ئەمنی ئایینی و بیروباوەری موسڵمانان بکرێت، چونکە ئەمە مەترسی گەورە لە سەر ئایندەی رۆڵەکانمان دروست دەکات.


هەروەها تیشک خرایە سەر دۆخی ئێستای ئیعلامی و کاریگەری سۆشیال میدیاو هۆشیار بوون لە پرسە هەستیارەکان و رەچاوکردنی دووربینی و رەهەندی ئایینی و نیشتمانی و، هەبوونی بەرچاو ڕوونی تەواو و گرنگی راوێژو وەرگرتنی زانیاری لەهەمبەر پێشهاتەکان و پیشاندانی رای راشکاوی زانایان بەگرنگیەوە باسی لێوە کرا.


کۆبوونەوە تەئکیدی لەوە کردەوە، کە ناکرێ رێگە بدرێت کەسانێک بەناوی ئایینی و لە پەنای ناوی پیرۆزی مەلایەتی بازرگانی بەخەڵک بکات و بەناوی فاڵ و سیحرو جادوو شتی نەشیاو ئەنجام بدات.


شایەنی باسە لە کۆبوونەوەکەدا مامۆستایانی بەشدار بوو وێڕای خستنەڕووی سەرنج و تێڕوانینەکانیان، چەند تەوەرێکی دیکەی پەیوەست بە رەوشی ئایینی و کاری پیشەیی و زانایان و کاروباری ناوخۆیی و تایبەتی یەکێتی زانایان تاوتوێ کراو سەرکەوتووانە کۆبوونەوەکە کۆتایی هات.