سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری نۆیەمین سیمپۆزیۆمی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان و کۆلێژی یاسا لەسەر پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسی عیراقی دەکات

ئەمرۆ 18ی9ی2024 بە ئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک، هەر یەکە لە نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێز (پ.د. شریف مولود شریف) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی وخوێندنی باڵا و بەڕێزان (پ.د. جمیل علی سورچی) ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان و (پ.د. بەختیار صابر بایز) ڕاگری کۆلێژی یاسا و چەندین کەسایەتی تر؛وە لەژێر چاودێری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێز (پ.ی.د. کامەران یونس محمدامین)، نۆیەمین سیمپۆزیۆمی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بەهاوبەشی لەگەڵ کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەدین بە ناونیشانی (هەمواری پێشنیارکراو بۆ یاسای باری کەسی عیراقی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە لەنێوان شەریعەت ویاسادا) لە هۆڵی (کوێت) بۆ کۆنفرانسە زانستییەکان، لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان بەرێوە چوو.


دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، لەسەرەتادا بەڕێز (پ.د. شریف مولود شریف) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی وخوێندنی باڵا، بەنوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەشکرد، دواتر ڕاگری کۆلێژی یاسا (پ.د. بەختیار صابر بایز) وتەیەکی پێشکەش کرد و بەناوی هەردوو کۆلێژ بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و باسی لە گرنگی ئەنجامدانی ئەمجۆرە چالاکییە زانستییانە کرد، دواتر بەڕێز ڕاگری کۆلێژمان (پ.د. جمیل علی سورچی) وتەیەکی پێشکەشکرد و تیشکی خستە سەر بابەتی سیمپۆزیۆم و باسی لە پڕۆژە یاساکە و دەرەنجامە نەرێنییەکانی کرد لەسەر تاک وخێزان وکۆمەڵگە.


هەر لە سیمپۆزیۆمەکە بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان، بەناوی خۆی و وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا باسی لە پرۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسی لە عیراق کرد، کە ئێستا بۆتە باسی گەرمی شەقامی عیراقی، لەبەر ئەوەی هەست دەکرێ ئەم یاسایە کۆمەڵێک ئاماژەو لێکەوتەی خراپ بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەمەش وای کردووە بەشی زۆری عیراقیەکان و تانەت کوتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانیش لەگەڵ ئەم پرۆژەیە نین.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئەم هەنگاوە بە باش نابینین و پێمان وایە لێکەوتەی خراپی بەسەر رەوشی دادگاو کۆمەڵگەو بەتایبەت کاروبارەکانی خێزان و ئافرەت هەیە، هۆکارە بۆ قوڵکردنەوەو بەهێزکردنی دەمارگیریی، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ یەکڕیزی نێو گەلانی عیراق و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و رۆیشتنە بەرەو تائیفیەت و دابەشبوون، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆکاری ناکۆکی و توندوتیژی و تێکدانی شیرازەی خێزان و هەڕەشەیەکی ناراستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی.


شایەنی باسە هەر لە سیمپۆزیۆمەکە دوو پانێل بەرێوە چوون و لەرووی ئایینی و یاسایی گەنگەشەی تەواوی پرسەکە کراو دواتریش چەند راسپاردەو پێشنیارێک خوێندرایەوەو رێزلێنان بەسەر بەشداربووانی پانێلەکان و لێژنەی زانستی و ئامادەکار دابەشکرا.