یەکێتی زانایان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی رەمەزانەوە بڵاودەکاتەوە

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی هاتنەوەی  جەژنی رەمەزانی پیرۆز ئاراستەی موسڵمانان بەگشتی و کوردستانیان بەتایبەتی دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


 


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


(وَلِتُكْمِلُوا الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ ) البقرة: 185..


بە بۆنەی هاتنەی جەژنی پیرۆزی رەمەزان؛ پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم موسڵمانان بەگشتی و کوردستانیانی ئازیز بە تایبەتی دەکەین، لە خوای گەورە داواکارین رۆژوو تاعەت و خواپەرستی هەموو لایەکی قەبوڵ کرد بێت..


جەژن رەمزی خۆشی و خۆشحاڵبوونە لەبەرامبەر تەواوبوونی مانگێک خواپەرستی و عیبادەت و بەرۆژوو بوون، بە واتای هەستکردن بە خۆشی و دیداری دۆست و خزم و دەربڕینی شوکرانەبژێری و هاوبەشیکردنی تێکڕای ئۆممەتی ئیسلامی لە ئامانجێگی گەورەی خوداپەرستی و هێنانەدی ئاشتی و مرۆڤدۆستی دێت.


جەژن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەکانە لەسەر بنەمای نیەتپاکی و خۆشەویستی و بڵاوکردنەوەی تەبایی و گیانی لێبوردەیی و رێزگرتن لە یەکتر؛ وەک هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەر لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی، ئەمەش دوای بەجێهێنانی فەرمانی خوای گەورە لە جێبەجێکردنی فەریزەی رۆژووگرتن و رێزگرتن لە مانگی پڕ خێری رەمەزان.


لێرەوە سوپاسی تایبەتی تەواوی مامۆستایانی بەرێزی ئایینی دەکەین، کە خزمەتێکی گەورەیان لە مانگی رەمەزان پێشکەش کرد، هەروەها سوپاس بۆ سەرجەم موسڵمانان بەتایبەت و دام و دەزگا حکومیەکان و خێرخوازان بە گشتی، کە بە رێزگرتن و کۆمەکی و یارمەتیدان خزمەتی زۆریان گەیاند.


هیوادارین ئەم جەژنە هاندەر بێت بۆ ئاشتەوایی و مایەی خێرو خۆشی بۆ هەموو لایەک و کوردستان هەر ئاوەدان و ئارام بێت.


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


29ی ئاداری 2025 زاینی


29ی رەمەزانی 1446 کۆچی