مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێکی گرنگ و پیشەیی و هەنوکەیی تاوتوێ دەکات

دوێنێ 7ی4ی2025 کۆبوونەوەی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەسەرپەرشتی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئامادەیی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی لە شاری هەولێرو لە بارەگای سەرەکی یەکێتی زانایان بەرێوە چوو.


سەرەتای دانیشتنەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە چەند کارو چالاکیەکی رابردووی یەکێتی زانایان کردو سوپاسی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئاراستەی لقەکان و مامۆستایانی ئایینی کرد لە بەرامبەر ئەو خزمەت و ئەرکە پیرۆزەی ئەنجامیان داوە بەتایبەت لە مانگی پیرۆزی رەمەزان و خزمەتی مزگەوت و موسڵمانان، هەروەک باسی لە بۆشایی و کەلێنی لەدەستدانی کۆمەڵێک زانایانی ئایینی کرد بەتایبەت کە سێ ئەندامی سەرکردایەتی لەماوەی ئەم خولە کۆچی دواییان کردووەو وەک خەسارەتێک بۆ یەکێتی زانایان و کۆمەڵگە وەسف کران.


دواتر رۆشنایی خرایە سەر هەندێ کارو پێشنیارو دۆخی لقەکانی یەکێتی زانایان و بە پێویست زانرا ئەوەی ئەرکی مەکتەبی تەنفیزییە لە راییکردن و جێبەجێ کردنی هەندێ کارو هەنگاوی پیشەیی پەیوەست بە لقەکان کاری لەسەر بکرێت، لە لایەکی تر باس لە ئەنجومەنی باڵای فەتواو چۆنیەتی پەرەپێدان و بەرەو پێشبردنی رەوشی فەتواو کارکردن بۆ یەکخستنەوەی پتری ئەم پرسە لە سەر ئاستی کوردستان و بەتایبەت مامۆستایانی ئایینی قسەو باسی لێوەکرا.


هەر لە کۆبوونەوەکەدا دوا پێشهاتە هەنوکەیی و پیشییەکان تاوتوێ کران و چەند بابەتێکی گرنگ و ناوخۆیی گفتوگۆی جددی لەبارەوە ئەنجام درا، هاوکات بەشداری کارای مەکتەبی تەنفیزی لە کۆنگرەو کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکان جەختی لێ کرایەوە لەپێناو گەیاندنی پەیامی زانایانی کوردو دروستکردن و فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندی بە جیهانی ئیسلامیی و دەزگاو ناوەندە ئەکادیمی و ئایینیەکانەوە.


لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە دۆخی ئێستای غەززەو رەوشی موسڵمانان و ستەم و ئیبادەی خەڵکی سیڤیل کراو نیگەرانی یەکێتی زانایان لەم بارەیەوە خرایە ڕوو، بەتایبەت ئەو وێڕانکاری و کارەساتە مرۆییە و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیان بە هەموو پێوەرێک رەتکراوەو جێی ئیدانەکردنەو لەرووی ئیمانی و ئینسانییەوە دیمەنەکان کارەساتبارو ناخهەژێنن، هەروەک کۆبوونەوە جەختی لە پێویستی راگەیاندنی ئاگربەست و چارەسەری ئاڵۆزییەکان بە شێوازی ئاشتی و دیالۆک کردەوە.


شایەنی باسە لە کۆبوونەوەکە چەند پرسێکی دیکە خرایە بەرباس و لە کەشێکی ئارامدا ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان و قسەو باسی تێرو تەسەلیان خستەڕوو، تەئکیدی لە هەماهەنگی پترو کارو بەرنامەی ئایندەش کرایەوە.