ئەمرۆ 10ی4ی2025 لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان بە ئامادەبوونی مامۆستا مەلا ئیدریس ژاڵەیی بەرپرسی لقی گەرمیان و ستافی لق و ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی و رۆشنبیرو کەسایەتی سنوورەکە، سیمینارێکی تایبەتی بە ناونیشانی (ئەنفال لە نێوان نیدای ئاسمان و ستەمی زەویدا) بۆ هەردوو بەرێزان مامۆستا مەلا ئیدریس ژاڵەیی و مامۆستا مەلا هاوار عەباس ساز کرد.
سیمینارەکە بە مەبەستی بەرز راگرتنی ساڵیادی تاوانی ئەنفالەوە رێکخرابوو، کە تێیدا هەردوو قسەکەرانی سیمینارەکە ئاماژەیان بە گەورەیی تاوانی ئەنفال و بەکارهێنانی چەمکی قورئان بۆ شاردنەوەو پەردەپۆشی تاوانەکە کردو تیشکیان خستە سەر ئەو راستیە کە ئەنفال هەنگاوێک بوو بۆ سڕینەوەی کوردو نەهێشتنی نەتەوەی کورد، ئەمەش تاوانێکە بە هەموو پێوەرێک دەچێتە خانەی ستەمی نامرۆڤانە بەرامبەر گەلی کوردی موسڵمان.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد، کە ساڵانە لەگەڵ یادی کارەساتی ئەنفال برینەکان دەکولێنەوەو ئاسەواری ئەم تراژیدیاو کارەساتە بەسەر جەستەی تاکی کوردو دەڤەری گەرمیانەوە دیارەو هێشتا لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەت حکومەتی عیراق وەک پێویست قەرەبووی کەس و کاری ئەنفالکراوانی نەکردۆتەوەو وەک پێویست بەهانایانەوە نەچووە، هەروەک باسیان لە رۆڵی زانایان لە پاڵپشتی و هاوخەمی کەس و کاری ئەنفال کرد. |