قوربانی بۆ كورده‌ ئاواره‌كان بنێرن

له‌ په‌یامێكیدا لێژنه‌ی یاڵای فه‌توای كوردستان روونی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێك خه‌ڵكه‌كه‌ ژیان‌و گوزه‌رانی خۆش بێت‌و، له‌ شوێنێكی دیكه‌ خه‌ڵكێكی هه‌ژارتر‌و پێویستتر هه‌بێت، دروسته‌ قوربانی بۆ شوێنه‌ پێویست‌و هه‌ژاره‌كه‌ بگوازرێته‌وه‌، جا چ له‌وێ‌ قوربانییه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت، یان یه‌كێك وه‌كیل بێت‌و كاره‌كه‌ ئه‌نجام بدات، بۆیه‌ له‌و كاته‌ی كه‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌ كوردانی رۆژئاوای كوردستان ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستانن داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ن به‌ قه‌ده‌ر توانای خۆیان ئه‌وانیش له‌م خێر‌و بێره‌ی قوربانی بێبه‌ش نه‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

 

په‌یامێك له‌لێژنه‌ی باڵای فتواوه‌

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

قوربانیكردن یه‌كێكه‌ له‌و كرده‌وه‌ چاكانه‌ی خوای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆز و پێغه‌مبه‌ری صلی الله علیه‌ وسلم سه‌روه‌رمان له‌ چه‌ندین فه‌رمووده‌دا هانی موسڵمانانی داوه‌ له‌سه‌ری و دووپاتی كردیته‌وه‌. وه‌كو به‌پیروه‌هاتنی ئه‌م فه‌رمووده‌ پیرۆزانه‌، سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ ساڵانه‌ له‌ كوردستاندا رێژه‌یه‌كی باش قوربانی ئه‌نجام ئه‌درێت. له‌ روانگه‌ی شه‌رعی ئیسلامیشه‌وه‌ قوربانیكردن به‌ پێی مه‌زهه‌بی پێشه‌وا ئه‌بو حنیفه‌ واجبه‌ و لای جه‌ماوه‌ری زانایان سوننه‌تێكی گه‌وره‌یه‌.

له‌ لێژنه‌ی باڵای فتوای كوردستان‌و به‌بۆنه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربان، پیرۆزبایی له‌ گشت موسڵمانان ئه‌كه‌ین به‌تایبه‌تی موسڵمانانی هه‌رێمی كوردستان‌و، ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و به‌رێزانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ نیازن ئه‌و سوننه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ داواكاریان لێده‌كه‌ین: به‌شێك له‌و قوربانییانه‌ بنێرن بۆ ئه‌و ئاواره‌ كورده‌ سوریانه‌ی كه‌ ئێستا ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستانن و لانه‌ و خانه‌و زێدی خۆیان به‌جێهێشتووه‌و بێ‌ ده‌ره‌تانن، چونكه‌ له‌م رۆژه‌دا ئه‌وان له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر موسته‌حه‌قی هاوكاری و یارمه‌تی دانن، خۆ ئه‌گه‌ر زانایان جیاوازیان هه‌بێت له‌ ناردنی گۆشتی قوربانی له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی تر ئه‌وا جیاوازیان نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ تۆ ده‌توانی بچیت حه‌یوانه‌كه‌ له‌وێ‌ سه‌ر ببری یا پاره‌ بنێری و یه‌كێك بكه‌یته‌ وه‌كیلی خۆت قوربانییه‌كه‌ت بۆ ئه‌نجام بدات، خوای گه‌وره‌ش ئه‌فه‌رموێت:)) فَكُلُوا مِنْهَا وَأَطْعِمُوا الْبَائِسَ الْفَقِيرَ)) الحج 28 ، واته‌: له‌و گۆشته‌ خۆتان لێی بخۆن‌و به‌شی هه‌ژارانو لێ‌ قه‌وماوانی لێ‌ بده‌ن، زانایان فه‌رموویانه‌ : ((له‌وانه‌یه‌ ئه‌نجامدانی قوربانیكردن له‌ وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان خۆشه‌ویستتر بێت‌و زیاتر جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی خوا بێت‌و له‌ رۆحی قوربانیكردنیش نزیكتره‌، كه‌ ئامانج هاوكاری هه‌ژاران‌و لێقه‌وماوانه‌، بۆیه‌ دروسته‌ قوربانیكردن له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه‌ بگوازرێته‌وه‌، بۆیه‌ هیچ رێگرییه‌ك نابینین له‌وه‌ی دروسته‌ قوربانی بۆ ئاواره‌كانی سوریا بگوازرێته‌وه‌ كه‌ پێویستیان به‌ هاوكاریكردن‌و ئاوڕلێدانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ رێژه‌یه‌كی زۆری كوردانی رۆژئاوا ئێستا ئاواره‌ی كوردستانن)).

بۆیه‌ داواكارین له‌سه‌رجه‌م هاولاتیانی كوردستان كه‌ له‌ كاتی ئه‌نجام دانی قوربانی، كوردانی رۆژئاوا بێبه‌ش نه‌كه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن كه‌ به‌شێكی دیاریان هه‌بێت له‌ گۆشتی قوربانی. والله یحب المحسنین.

 

لێژنه‌ی باڵای فه‌توای كوردستان

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

10/10/2013