یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندی گەورە زانایانی ئەزهەری شەریف دەکات    *****    *****   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی باڵای زانایانی ئەزهەر دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا مسعود حسێن غەزالی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   دیداری زەڵمی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت و سەرۆکی یەکێتی زانایان لەم دیدارە وتارێک پێشکەش دەکات    *****    *****   سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دکتۆر مستەفا زەڵمی، خاوەن دیدێکی چاکسازیی قووڵ بووە و، لەسەر ڕێگەکەی بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام دەبن.    *****    *****   دەقی وتاری سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە دیداری د.مستەفا زەڵمی    *****    *****   مامۆستا مەلا شەریف سەعید کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای گەورە زانایانی ئەزهەری شەریف دەکات    *****    *****   د.أنس محمد شەریف ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵێکی تایبەت بە بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی زانایانی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 26/11/2024 : 20:12:09
قه‌باره‌ی فۆنت
"ئامادە نین دەست لە دین و مەزهەب و دابونەریتی خۆمان هەڵبگرین" تێڕوانینێک بۆ وتارەکەی سەرۆک بارزانی

 

د.عبدالله شێرکاوەیی*

رۆژی 22ی11ی2024 بەرێز سەرۆک مەسعود بارزانی وتارێکی گرنگ و مێژوویی لە پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس بۆ ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەزانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک پێشکەش کرد، کە دەنگدانەوەی ئەرێنی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو مایەی دڵخۆشی زۆری هەموو ئەوانە بوو، کە پەرۆشی کیان و ئەزمون و واقعی کوردستانن و، هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر پرسە جەوهەرییەکان دەکەن.

لە وتارەکەیدا سەرۆک بارزانی بە تەعبیرێکی راشکاو گوتی: "خاڵێكی تریش هەیە كە بە لای منەوە زۆر گرنگە، هەر میللەت و نەتەوە و ناوچەیەك، دابونەریتی خۆی هەیە، هەندێكی پەیوەندیی بە دین و بە مەزهەبەوە هەیە، ناكرێ لە دەرەوە ئەوەی لای ئەوان رەوا بێت، بڵێن دێین لەسەر خەڵكی تریش فەرز دەكەین. لێرە لە كوردستان، لە هەموو عێراق، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەڵكێكی دیندارە، چ موسوڵمان، چ مەسیحی و چ دیانەتی تر، نابێ بە شێوەیەك تەعامول بكرێ، ئەوەی لای خەڵكێكی تر رەوایە، ئیلا ئێرەش بە هەمان شت قەبووڵی بكەن. دەبێ ئیحترامی مەشاعیری یەكتر بگیرێت و بە هیچ شێوەیەك، ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان ئامادە نین دەست لە دین و مەزهەب و دابونەریتی خۆمان هەڵبگرین بۆ ئەوەی كەسێكی تر لە ئێمە رازی بێت".

ئەوەی من مەبەستمە تیشکی بخەمە سەر؛ ئەو بڕگەو پەیامە گرنگە بوو، کە باسی لە بابەتی پاراستنی ئایین و مەزهەب و کلتورو تایبەتمەندی گەلی کورد کرد، بە مافدان بە تایبەتمەندی و رەچاوکردنی فەرهەنگ و کلتوری هەموو میللەتان، کە پێویستی بە مامەڵەیەکی واقعی و پەسند هەیە نەک هەوڵی گۆڕین و سڕینەوەو جێکردنەوەی نەریتێکی نەخوازراو و نەگونجاو، ئەم گوزارشت و هەڵوەستە هەستیارە بە تایبەت بۆ کەسایەتیەکی پایەبەرزی وەک سەرۆک بارزانی ئومێدێکی زۆری بۆ گەلی کورد گەڕاندەوە، لەهەمان کات کاریگەری گرنگی دەبێت بۆ پێدانی بەرچاو ڕوونی بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەناوخۆو دەرەوە، لەپێناو پاراستنی نەریت و کلتوری نەتەوەیی و داڕشتنی هەنگاوەکانیان لەم چوارچێوەیەدا، هەروەها دەتوانم بڵێم سەرۆک بارزانی قسەی دڵی هەموو زانایانی ئایینی لە سەرتاسەری کوردستان کرد، بەوەی بەدرێژایی مێژووی زانایانی کورد پەیامی سەرەکی و ئامۆژگاری و هەڵوێستیان ئەوە بووە پێویستە میللەتی کورد بەپێی تایبەتمەندی ئایینی و داب و نەریتی رەسەنی خۆی هەنگاو بنێت و خۆی لەگەڵ پێشکەوتنەکان بگونجێنێت و هەر بەو ئاراستەیەش مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک لەپێناو رەزامەندی ئەجێندایەکی دەرەکی و هەوڵە نا واقعییەکان؛ نەریت و کلتوری بکەنە قوربانی، کە بەداخەوە بەشێکی زۆری رێکخراو و سیاسەتی وڵاتان بۆ ئەوە بووە ئەو واقعە دیندارییە پڕ لە جوانی و رەسەنایەتیەی هەیە بەپێی خواست و ویستی خۆیان بیگۆڕن و دۆخەکە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار بەرن، لە ئەنجامدا هەم نەریت و جوانیەکانمان بشێوێنن و، هەمیش بە لێشاو گەنج و لاوانمان بەرەو سەرگەردانی و دونیایەکی وا ئاراستە بکەن؛ گاڵتەیان بە نەریتی خۆیان بێت و نەگەنە ئەو دونیا خەیاڵیەی ئەوان دەیانەوێت و بۆیان وێنا دەکەن! 

بەپێی تەجرەبەی رابردوو، دەرکەوتووە هەوڵ و هەنگاوی بەشێکی گروپ و دەستەو رێکخراوە بیانییەکان بۆ ئەوە بووە رۆڵەی کورد هەڵخەتێنن و هەستی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانیان لاواز بکەن، بەناوی کرانەوەو ئازادی و دیموکراسی و دروشمی بریقەداری بێ ناوەرۆک بیانکەن بە دوژمنی فەرهەنگ و کلتوری خۆیان و، بە زمانی شڕو قسەی زبرو هەڵوێستی نابەجێ بەگژ یەکتر بچنەوەو هەموو ئەو جوانی و بەهاو کلتورە رەسەنەی لە فەرهەنگی ئێمە هەیەو شکۆی خێزان و کۆمەڵایەتی بۆ پاراستووین لە بەین ببەن.

لەکاتێکدا نەریت و کلتوری کورد کە هەڵقوڵاوی هەناوی ئایین و دیندارییە، بە شاهێدی دۆست و دوژمن بە یەکێ لە جوانترین نەریت و فەرهەنگی گەل و وڵاتانی دونیا دادەندرێت! ئێمە چ لە شارستانیەتێک بکەین لەرووی ماددی و پێشکەوتنەکانی سەردەم لە ترۆپکە بێت، بەڵام لەرووی رۆحی و بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان لە فەراغێکی گەورە خۆی ببینێتەوەو نەتوانێ شیرازەو بناغەیەکی دروستی خێزان و پەروەردە بنیات بێنێ؟!

لەلایەکی تریشەوە باشە بۆ هیچ میللەتێک ئامادە نیە لە بەر خاتری ئێمە واز لە فەرهەنگ و کلتوری خۆی بێنێت؛ تا ئێمە ئەو ئامادەییە دەرببڕین، وە هیچ کات میللەتی کورد ئەو هەستەی لا دروست نەبووە هەوڵی سڕینەوەو کپ کردن و تێکدان و لەبەینبردنی نەریتی هیچ میللەتێک بدات، بەڵام دەستەڵات و رژێمەکان هەمیشە لەپێناو دەستبەردارکردنی فەرهەنگ و دابونەریت و دینداری و تەنانەت زمان و نیشتمانیش! میللەتی کوردیان تووشی جۆرەها هەڕەشەو شەڕو گرتن و کوشتن و ئاوارەیی و ئەنفال و کیمیاباران کردووە، بەڵام ئیرادەو خۆڕاگری و هەڵوێستی مەردانەو هەستی دینداری ئەم گەلە بەرگەی نەهامەتیەکانی گرتووەو خۆڕاگرانە ماوەتەوە، چ عەجەب ئێستا ئەم خۆڕاگرییە زیاترو باشتر نەکەین، بۆ ئەوەی بۆ هەموو میللەتانی دونیا بیسەلمێنین، کە گەلی کورد ئەگەرچی بێ دەوڵەتەو لەرووی مافی چارەنووس مەحروم کراوە، بەڵام میللەتێکی خاوەن کلتورو بەهاو رەسەنایەتی و تایبەتمەندی خۆیەتی و، نەک هیچی کەمتر نیە لە گەل و وڵاتانی دونیا بگرە لە زۆربەشیان پێشکەوتوو ترە.

ئەم هەست و هەڵوێستە بۆ هەموو لایەک گرنگە نەک تەنها بۆ لایەنێک، لەبەر ئەوەی بە تەجرەبە سەلماوە میللەتی کورد بە ئەندازەی پابەندی بە دینداری و نەریتی رەسەنی کوردەواری، هەمیشە خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزو هەستێکی بەرزی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی بووەو، لەبەرامبەر هەموو تەحەددی و نەهامەتیەکان خۆڕاگر ماوەتەوەو هیچ هێزێک نەیتوانیوە بیسڕێتەوە، لە رابردوو زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەی شؤڕشەکان پیاوانی ئایینی بوون و بەو پەڕی شانازییەوە خزمەتی دین و نەتەوەیان کردووەو تایبەتمەندی کیان و گیانی کوردیان پاراستووە، ئەگەرچی دەریایەک قوربانی و خوێن لەپێناو قەزیەی کوردی ڕژاوە، بەڵام نەمانبیستووە هیچ کات کورد دەستبەرداری کوردبوون و کلتوری خۆی بووبێت.

بە پێچەوانەوە هەر کات میللەتی کورد لەو تایبەتمەندی و دیندارییە سستی نواندبێ یان دوور کەوتبێتەوە، تووشی ئاڵۆزی و فەوزاو توندڕەوی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی هاتووە، دەشزانین هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ لە بەینبردنی ئەم تایبەتمەندییە چ لەسەر ئاستی ناوخۆو چ بەدەستی وڵاتانی دەرەوە بێ ئەنجام بوونەو لەزیان زیاتر قازانجیان بە کورد نەگەیاندووە، بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەوەیە لە رابردوو زۆر فکرو فەلسەفەی جواروجۆرو زۆر هەوڵ و تموحی گەورە لەبەردەم رۆڵەکانی ئەم گەلەیە بڵاوکرایەوە، بەڵام خۆشبەختانە زۆری نەبرد بارگەیان پێچرایەوەو دەرگایان داخرا.

پێشخستنی واقعی خۆمان و خۆگونجاندن لەگەڵ پێشهاتە نوێییەکان بەگۆرینی دین و نەریت نیە، بەڵکو بە تێگەیشتنی دروست و زانستیانەی زیاتر بۆ دینداری و دەستگرتن بە کلتورو تایبەتمەندی نەتەوەیی، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئایین و نەتەوەو نیشتمان و پاراستنی مۆرکی رەسەنایەتی کورد دەبێت.

ئەم هەڵوێستە؛ هەمووان بەتایبەت بەرپرسانی حکومەت و رێکخراوەکان و ناوەندە ئەکادیمی و دەزگا میدیاییەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی گەورە، بۆ ئەوەی مامەڵەو هەڵسوکەوت و کارکردن لە چوارچێوەی پاراستنی دینداری و رەسەنایەتی بێت، نەک لە قالبێکی نەخوازراو بۆ بەجێگەیاندنی ویست و ئەجێندای دەرەکی؛ واقعی خۆمان بشێوێنین، ئەرکە ئەولەویەت بۆ ناساندنی کلتوری خۆمان بێت بە وڵاتان، نەک تەنها میللەتی خۆمان ئاشنای کلتوری بیانی بکەین و کلتوری خۆشمان پەراوێزو نابوت بهێڵینەوە، چونکە وەک رێسایەکی بنەڕەتی ئەگەر بمانەوێ زیاتر پێشبکەوین و ئاشتی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی بەردەوام بێت و شکۆی خێزان و بەهای کۆمەڵایەتیمان لە ئاستێکی باش دابێت، پێویستە بەپێی واقع و تایبەتمەندی کۆمەڵگەی خۆمان هەنگاو بنێین نەک ویستی وڵاتان، کە ئەمە ئامرازو فاکتەری چارەسەرێکی بنەڕەتی و خۆماڵی و هەڵقوڵاوی هەناوی کۆمەڵگەیە، هەمیش کلیلی سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانە.

ئەرکە دەزگا پەیوەندیدارەکان کار لەسەر ئەم تێڕوانینە جوان و بەجێیە بکەن، بۆ ئەوەی میللەتەکەمان لەسەر ئەو فەرهەنگ و تێگەیشتنە رابێنین، کە دینداری رێگر نیە لەبەردەم پێشکەوتنەکان، بگرە نەریت و مەزهەب گۆڕینیش نابێتە هۆکاری گەیشتن بە ماف و ئازادییەکان، بەڵکو لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی کوردستان لەرووی پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی و کلتوری؛ زەمینەی گەیشتن بە ئامانج و ستراتیژی هەنگاوەکان خۆشتر دەکات.

گرنگە مامۆستایانی ئایینی وەک ئەرکی هەمیشەیی خۆیان کاری جددیتر لەسەر ئەم رەهەندو تێڕوانینە بکەن و لە وتارەکانیان تیشک بخەنە سەر ئەو تێگەیشتنە، کە پاراستنی بەهای دینداری و کلتوری نەتەوەیی بەشێکی گرنگی دیندارییە..